رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی خۆبەخشی شاری هەولێر، بە پشتبەستن بە ژیریی دەستکرد و داتای مانگە دەستکردەکان، پلاتفۆڕمێکی پێشکەوتووی بۆ پێشبینیی کەشوهەوا و هۆشداریی پێشوەختە لە مەترسییەکانی لافاو بە ناوی "مای وێزەر" دامەزراندووە، کە کاژێرێک پێشتر هاووڵاتییان لە مەترسیی دروستبوونی لافاو ئاگادار دەکاتەوە.
محەممەد ساڵەیی لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی "نووڕۆژ"ی تۆڕی میدیایی رووداو، بیرۆکەی پڕۆژەکەی خستەڕوو و گوتی: "ماوەیەکی زۆر بوو بیرم لەم کارە دەکردەوە، کاتێک بینیم ساڵانە بەهۆی لافاوەوە خەڵک زیانێکی زۆری پێدەگات، بڕیارم دا لە رێگەی ئەو زانست و زانیارییەی لە بواری تەکنەلۆژیادا هەمە، خزمەتی کۆمەڵگەکەم بکەم."
پلاتفۆڕمی (MyWeather.krd) لە رێگەی ماڵپەڕ و بۆتێکی تایبەتی تەلەگرامەوە کار دەکات، پێشبینیی وردی کەشوهەوا بۆ 146 ناوچەی جیاوازی هەرێمی کوردستان دابین دەکات و پشت بە داتای چوار سەرچاوەی جیهانیی باوەڕپێکراوی کەشناسی دەبەستێت.
سەبارەت بە شێوازی کارکردنی سیستمەکە، محەممەد ساڵەیی روونیکردەوە: "ئەگەر لە ماوەی یەک کاژێردا رێژەی بارانبارین لە 30 ملیمەتر زیاتر بێت، سیستمەکە بە شێوەیەکی خۆکارانە نامەی ئاگادارکردنەوە بۆ هەموو بەشداربووان دەنێرێت و هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەری کۆبوونەوەی ئاو و لافاو لەو سنوورەدا هەیە."
ئەو گەنجە داهێنەرە ئاماژەی بەوەش کرد، سیستمەکە توانای پێشبینیکردنی لەسەر ئاستی گەڕەکەکان هەیە، چونکە زۆرجار لە هەولێر لە گەڕەکەکانی وەک شاوێس و عەنکاوە باران دەبارێت، بەڵام لە بنەسڵاوە یان دارەتوو کەشوهەوا وشکە. هاوکات پلاتفۆڕمەکە رۆژانە دوو جار رێنمایی و زانیاریی کەشوهەوا بۆ شۆفێران، دایک و باوکان و، خاوەن سیستمەکانی وزەی خۆر دەنێرێت.
سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان، محەممەد ساڵەیی باسی لەوە کرد، تاوەکو ئێستا هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ دامەزراوە حکومییەکاندا نەبووە، بەڵام ئامادەیە بە تەواوی داتاکانی بخاتە خزمەت بەڕێوەبەرایەتییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان.
لە پلانی داهاتووشیدا، دامەزرێنەری پلاتفۆڕمەکە لە هەوڵدایە لە رێگەی نەخشەی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکردەوە، سیستمەکە بە جۆرێک پەرەپێبدات کە بتوانێت لە کاتی شەپۆلەکاندا، راستەوخۆ ئەو کۆڵان و شەقامە نزمانە لەسەر نەخشە دیاری بکات کە ئاویان تێدا کۆدەبێتەوە، تاوەکو شۆفێران بە ئاسانی لێیان دووربکەونەوە.


