رووداو دیجیتاڵ
سامان گەردی، مامۆستا لە بەشی ئەندازیاریی تەلارسازی لە زانکۆی کوردستان - هەولێر (UKH)، لە پێشبڕکێیەکی جیهانیدا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، خەڵاتی (Architizer Vision Awards)ـی بۆ ساڵی 2026 بەدەستهێنا، کە تێیدا ژیریی دەستکردی لەگەڵ شوێنەوارە مێژووییەکانی کوردستان ئاوێتە کردووە.
لە پێشبڕکێکەدا زیاتر لە 600 پڕۆژە لە 50 وڵاتی جیهانەوە بەربژێر کرابوون؛ سامان گەردی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زۆر دڵخۆشم بە بردنەوەی ئەم خەڵاتە لەنێو ئەم هەموو وڵاتەدا، بەتایبەت کە لەسەر هەمان سەکۆ و شانبەشانی تەلارسازی بەناوبانگی بەریتانی (تۆماس هێزەرویک) ئەم دەستکەوتەم بۆ کوردستان تۆمار کرد."
سامان گەردی روونیکردەوە کە جیاوازیی پڕۆژەکەی ئەوان لەوەدابووە کە زۆربەی بەشداربووان تەنیا پڕۆژەی مۆدێرنیان پێشکەش کردبوو، بەڵام ئەوان شوێنەوارە مێژووییەکانی کوردستانیان کردووەتە هەوێنی کارەکەیان و گوتی: "ئێمە قەڵای هەولێر و دیوەخانی حەسەن ئاغامان لەگەڵ ژیریی دەستکرد تێکەڵ کرد؛ ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە تەلارسازی لە کوردستان دەتوانێت بە بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆژیا لەسەر ئاستی جیهان پێشبڕکێ بکات."
ئەو ئەندازیارە کوردە ئاماژەی بەوە کرد کە بە دوو پڕۆژە بەشدارییان کردووە؛ یەکەمیان کورتەفیلمێکی تاقیکاری بوو لەسەر قەڵای هەولێر کە گەیشتە قۆناخی پێش کۆتایی، دووەمیشیان دیزاین و وێنەیەکی تەلارسازی بوو بە هەماهەنگی لەگەڵ ژیریی دەستکرد کە توانی پلەی یەکەم و خەڵاتی کۆتایی پێشبڕکێکە وەربگرێت.
سامان گەردی ماوەی دوو ساڵە وەک مامۆستا لە بەشی تەلارسازیی زانکۆی کوردستان وانە دەڵێتەوە و هاوکات دامەزرێنەری کۆمپانیای تەلارسازیی "پەیکەر"ـە.
خەڵاتەکانی "Architizer" لە ساڵی 2009ـەوە لە نیویۆرکی ئەمریکا دامەزراون و بە یەکێک لە گەورەترین و باوەڕپێکراوترین سەکۆکانی هەڵسەنگاندن و خەڵاتکردنی داهێنانە تەلارسازی و دیزاینە نوێیەکان لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێن.



