رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای کەلاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی، لەکاتی کارکردن تێیدا تانکەرێک تەقییەوە و لە ئەنجامدا هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا.
رووداوەکە لە پیشەسازیی کەلار روویداوە. عەقید سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تانکەرەکە لەکاتی لەحیمکردندا تەقیوەتەوە."
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێ، "رووداوەکە تاوانکاری نییە، پیشەوەرەکە خۆی کاری تێدا کردووە بۆیە کەس دەستگیر نەکراوە، بەڵام گوتە لە شۆفێری تانکەرەکە وەکو شایەتحاڵ وەرگیراوە."
لە سەرەتای رووداوەکەدا پیشەوەرەکەی کەلار بە سەختی بریندار ببوو رەوانەی فریاکەوتنی سلێمانی کرا، بەڵام پێش گەیشتن بە نەخۆشخانەی ئەو شارە گیانی لەدەستدا.
هاونیشتمانییە مردووەکە ناوی (س. ق)ە و لەدایکبووی 1983 یە و دانیشتووی گەڕەکی ئەندازیارانی قەزای کەلارە. گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان گوتی، "لە رووداوەکەدا مردن هەیە و هەربۆیە لێکۆڵینەوەی یاسایی دەکرێ."
