رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بڕیاری دا، لە سبەیەوە لە رێگەی کامێراکانی تیژڕۆییەوە، سزای ئەو شوفێرانە بدات کە لەناو ئۆتۆمبێلەکانیانەوە زبڵ و خاشاک فڕێدەدەنە سەر شەقامەکان.
رۆژی دووشەممە، 25ـی ئایاری 2026، هێمن ئەمین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سبەیەوە هەموو کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی، سەرپێچییەکانی فڕێدانی زبڵ تۆمار دەکەن. ئەم سزایە لە پێشتریشدا هەبووە، بەڵام لە سبەیەوە بە فەرمی لەلایەن کامێراکانەوە تۆمار دەکرێن."
گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر گوتی، تەنیا کامێراکان نابن، بەڵکو ئەو ئەفسەر و پۆلیسانەی لەسەر شەقامەکانن هەر سەرپێچییەکی لەو شێوەیە ببینن، یان هەر هاووڵاتییەک ڤیدیۆ و وێنەی سەرپێچییەکەیان بۆ بنێرێت، سزای سەرپێچیکارەکە دەدرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێردا لە راگەیێندراوێکدا، رایگەیاند، لە کاژێر 06:00ـی سبەی ئێوارە بەدواوە، هەر ئۆتۆمبێلێک زبڵ و خاشاک، دەبە، قوتوو و شووشەی خواردنەوەکان فڕێبداتە سەر شەقام، لە رێگەی کامێراکانەوە سزاکەی بۆ تۆمار دەکرێت.
هاتووچۆی هەولێر داوا لە شوفێران دەکات پابەندی رێنماییەکان بن و پارێزگاری لە پاکوخاوێنیی شار و ژینگە بکەن، بۆ ئەوەی دووچاری سزای دارایی نەبنەوە.
د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، رۆژی 12-5-2026 رایگەیاند، "چیدی ئەمە رەوا و ئاسایی نییە، لە ئەمڕۆوە هەر ئۆتۆمبێلێک، ئینجا شوفێر یان سەرنشین، زبڵ و خاشاک فڕێبدات، بە بڕی 40 هەزار دینار سزا دەدرێت."
