رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران کرد دانوستاندنەکانی ئاشتی دەستپێبکەنەوە. راشیگەیاند، وەشاندنی هەر گورزێکی نوێ لە جەنگەکەیاندا زیانی گەورە بە ئابووریی جیهان دەگەیێنێت.
رۆژی پێنجشەممە، 11ی حوزەیرانی 2026، دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هێرشە نوێیەکان گوتی: "ئێمە داوا لە هەموو لایەنەکانی ئەم جەنگە دەکەین دان بەخۆیاندا بگرن و بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستاندن."
گوتەبێژی کرێملن ئاماژەی بەوەش کرد، زیادبوونی گرژییەکان و بەردەوامبوونی پێکدادانەکان، مەترسیی ئەوەی لێ دەکرێت لێکەوتەی نەرێنیی زۆر خراپتری بۆ بارودۆخی ناوچەکە و سەقامگیریی ئابووریی جیهانی هەبێت.
ئەم بانگەوازەی رووسیا لە کاتێکدایە، ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی جەنگی نێوان واشنتن و تارانەوە لە ژێر گوشارێکی زۆری ئەمنی و دارایی دایە و پەککەوتنی هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز نرخەکانی وزەی لە بازاڕەکانی جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کردووەتەوە.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە درۆن و مووشەک وەڵامی هەردوولای دایەوە، ئەمە جگە لە هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێی. رۆژی 8ی نیسان، ئاگربەستی جەنگەکە کرا، بەڵام لەو کاتەوە چەندجارێک پێکدانان لەنێوانیاندا روویداوە، دوایینیان بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بوو.
لە 2ی ئادارەوە، ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە. ئەمەش نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنتی لە 72 دۆلارەوە بۆ سەروو 100 دۆلار بەرزکردووەتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)



.jpg&w=3840&q=75)