رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "مانگی سووری تورکیا زیاتر لە 26 هەزار تۆن هاوکاریی مرۆیی گەیاندووەتە کەرتی غەززە، کە لەژێر هێرشی تۆڕی کۆمەڵکوژیی زایۆنیدایە بە سەرۆکایەتیی نەتەنیاهوو."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەبۆنەی 158 ساڵەی دامەزراندنی مانگی سووری تورکیا، بەشداریکرد لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی رێکخراوەکە بەسەر ژمارەیەک چالاکڤانی ناوخۆیی و بیانی و لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەنقەرە گوتارێکی پێشکێش کرد.
سەرۆککۆماری تورکیا بەشێکی گوتارەکەی تەرخانکرد بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە. گوتی، "ئەوانەی وەک قرشێکی هار کە بۆنی خوێن دەکەن هێرش دەکەنە سەر جوگرافیاکەمان، لە کۆتاییدا باجی ئەو خوێنەی رشتوویانە دەیدەن. ئاهی ستەملێکراوان زوو یان درەنگ بەرۆکی ستەمکاران دەگرێت."
ئەردۆغان هەروەها گوتی، "ئەوانەی ئەمڕۆ شوێنپێی هیتلەر هەڵدەگرن، با لەبیریان نەچێت ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بن، چارەنووسیان وەک ستەمکارەکانی دیکەی مێژوو دەبێت."
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەوە کردەوە، تورکیا لەلایەکەوە بەردەوام دەبێت لە گەیاندنی یارمەتی بۆ ستەملێکراوان و لەلایەکی دیکەشەوە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی "تۆڕی کۆمەڵکوژی" لەبەردەم یاسا و مێژوودا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد، "مانگی سووری تورکیا، لەنێو کۆمەڵەی مانگی سوور و خاچی سوورەکاندا کە زیاتر لە 190 ئەندامی هەیە، پار بووە یەکەم کۆمەڵەی نیشتمانی کە زۆرترین هاوکاریی گەیاندووەتە زۆرترین وڵات."
ئەم شەڕە قسەیە دوای ئەوە هات رۆژی 10ـی حوزەیران، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا هێرشی تووندی کردە سەر ئیسرائیل و گوتی: "ئیسرائیل بووەتە هەڕەشە بۆ سەر تەواوی مرۆڤایەتی. 85 ساڵ لەمەوبەر بێدەنگی بەرامبەر هیتلەر بووە هۆی گیانلەدەستدانی 80 ملیۆن کەس؛ ئەمڕۆش کۆمەڵکوژییەکانی قەسابەکەی غەززە، نەتەنیاهوو، بە هەمانشێوەی هیتلەر بە بێدەنگی تەماشا دەکرێن."
ئەردۆغان هۆشداریشی دا کە "هێرشەکانی نەتەنیاهوو بۆ سەر سووریا و لوبنان، ئێستا هەڕەشە لە تورکیاش دەکەن."
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بێدەنگ نەبوو و لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) بە تووندی وەڵامی ئەردۆغانی دایەوە. نەتەنیاهوو نووسیویەتی: "ئەردۆغانی دیکتاتۆری دژە جوو، کە کۆمەڵکوژیی دژی کورد دەکات و پشتیوانی لە رێکخراوی تیرۆریستیی حەماس دەکات، دوایین کەسە بتوانێت وانەی ئەخلاق بە ئیسرائیل بدات."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەرگریی لە سوپای وڵاتەکەی کرد و بە "بەئەخلاقترین سوپای جیهان" وەسفیکردن و گوتی، بەردەوام دەبن لە هەنگاوەکانیان دژی ئێران و بریکارەکانی لە ناوچەکەدا.
ئەم ئاڵۆزییە دیپلۆماسییە نوێیە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و تەلئەڤیڤ بەهۆی شەڕی غەززە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، گەیشتووەتە نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)