رووداو دیجیتاڵ
یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل رەخنەی تووند لەو رێککەوتنە دەگرێت کە بڕیارە لەنێوان ئەمریکا و ئێران واژۆ بکرێت و رایدەگەیێنێت، ئەم رێککەوتنە هیچ کام لە ئامانجەکانی ئیسرائیلی لە شەڕەکەدا نەپێکاوە.
لاپید لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "ئەم رێککەوتنە چاوەڕوانکراوە هیچ یەکێک لە ئامانجەکانی ئیسرائیل لە شەڕدا ناهێنێتە دی؛ چونکە رژێمی ئێران دەمێنێتەوە، بەرنامە مووشەکییەکەیان وەک خۆی پارێزراوە و تاران دەشتوانێت پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی بونیاد بنێتەوە."
سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل هێرشی تووندی کردە سەر بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی و ئەم هەنگاوە بە "شکستێکی تەواوەتی" ناودەبات و دەڵێت، "نەتەنیاهوو بەهۆی ئەم رێککەوتنەوە ئیسرائیلی کردووەتە وڵاتێکی پاشکۆ، کە فەرمان لەبارەی ئاسایشی نیشتمانیی خۆیەوە لە وڵاتانی دیکەوە وەردەگرێت."
لاپید هەروەها دەڵێت، نەتەنیاهوو توانای ئەوەی نییە "دەستکەوتە سەربازییەکان بگۆڕێت بۆ سەرکەوتنی ستراتیژی." ئاماژەی بەوەش کردووە، هیچ کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی، بانگەشەی میدیایی و ژیریی دەستکرد ناتوانن ئەو شکستە بشارنەوە.
سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل جەخت لەوە دەکاتەوە، حکومەتی داهاتووی ئیسرائیل ئەرکێکی مێژوویی لەسەر شان دەبێت، ئەویش "چاککردنەوەی ئەو زیانانەیە کە بەهۆی سیاسەتەکانی نەتەنیاهووە بەر ئیسرائیل کەوتوون."
ئەم لێدوانانەی لاپید لە کاتێکدان، بڕیارە ئەمڕۆ بە نێوەندگیریی چەند وڵاتێک، ئەمریکا و ئێران رێککەوتنێکی نوێ بۆ راگرتنی شەڕ و کردنەوەی تەنگەی هورمز واژۆ بکەن، کە بەشێکی زۆری ناوەڕۆکەکەی جێگەی رەزامەندیی لایەنە سیاسییەکانی نێو ئیسرائیل نییە.



