رووداو دیجیتاڵ جێگری فەرماندەی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشداری دەدات، کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر زاحیەی بەیرووت بێ وەڵام نابن. رۆژی یەکشەممە، 14ی حوزەیرانی 2026، محەممەدجەعفەر ئەسەدی، جێگری فەرماندەی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران لە بەرامبەر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر زاحیەی بەیرووت، بە میدیا نێوخۆییەکانی وڵاتەکەی راگەیاند: "بێگومان وەڵامی ئەم تاوانانە دەدرێتەوە." ئەسەدی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی "دیفاع پرێس"، کە سەر بە ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی زاحییە لە باشووری بەیرووت، بە "کردەوەی تاوانکارانە" وەسف دەکات و دەڵێت، "کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرەی مقاوەمە ئەم کردەوانە بێ وەڵام ناهێڵنەوە." قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران پێشتریش هۆشداریی دابوو کە هەر چەشنە بەرفراوانکردنێکی هێرشەکان لە بەیرووت و بەزاندنی هێڵە سوورە دیاریکراوەکان، بە گورزی کوشندەتر و بە ئامانجگرتنی پێگە سەربازییەکان لە نێو خاکە داگیرکراوەکاندا (ئیسرائیل) وەڵام دەدرێتەوە. محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر زاحییەی بەیرووت رەخنەی توند لە ئەمریکا دەگرێت و بە "پێشێلکردنی بەڵێنەکانی واشنتن" ناو دەبات. قالیباف ئاماژە بەوە دەکات، هێرشی نوێی ئیسرائیل بۆ سەر زاحییە بە "گلۆپی سەوزی ئەمریکا' کراوە و بەوهۆیەشەوە هۆشداری دەداتە واشنتن و دەڵێت، "ئەگەر ئیرادە و توانای جێبەجێکردنی بەڵێنەکانتان نییە، قسەکردن لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆکان ئەستەمە." کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دانوستاندنەکانیدا لەگەڵ ئەمریکا، راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا لە باشووری بەیرووت وەک یەکێک لە مەرجەکانی خۆی دیاری کردووە. سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، بنکەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی لە زاحیەی بەیرووت کردووەتە ئامانج و هۆکاری ئەم هێرشەشی بۆ تەقەکردنی حیزبوڵڵا بەرەو خاکی ئیسرائیل گەڕاندەوە.
ئێران14-06-2026پزیشکیان: دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییە و دەبێ هەموومان پابەندی بین
ئێران14-06-2026میدیای نزیک لە سوپای پاسداران مەرجی ئێران بۆ واژۆکردنی رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا دەخاتەڕوو