رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و بەتایبەت ناوچەی زاحییەی بەیرووت کاردانەوەی تووندی نیشان دا و رایگەیاند: "وەڵامی جەنگاوەرانی ئیسلام بەڕێوەیە." محەممەد باقر زولقەدر گوتیشی: "بەزاندنی هێڵە سوورەکانی کۆماری ئیسلامی قبووڵ ناکرێت."
شەوی یەکشەممە، 14ـی حوزەیرانی 2026، محەممەد باقر زولقەدر، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ئاماژەی بەوە کرد کە یەکگرتوویی مەیدانەکان، زنجیرەیەکی ئەمنی لە پێناو بەرگریکردن لە ناوچەکەدا دروست کردووە. سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دەڵێت: "لوبنان گیانی ئێمەیە و چیدیکە بێدەنگی بەرامبەر بەزاندنی هێڵە سوورەکان هەڵنابژێرین."
ئەم هەڵوێستەی تاران دوای ئەوە دێت کە سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، بنکەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی لە زاحییەی بەیرووت کردووەتە ئامانج. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێران لە ناو دانوستاندنــەکانیدا لەگەڵ لایەنی ئەمریکایی، راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر لوبنان وەک یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی خۆی دیاری کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، ترەی یینگست، پەیامنێری فۆکس نیوز رایدەگەیێنێت کە دۆناڵد ترەمپ دوای هێرشەکەی ئیسرائیل، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجام داوە. بەگوتەی یینگست، ترەمپ داوای لە نەتەنیاهوو کردووە هێرشی زیاتر نەکاتە سەر حیزبوڵڵا و ئاماژەی بەوە کردووە کە هەر کردارێکی سەربازیی زیادە، دەبێتە مەترسی بۆ سەر ئەو هەوڵانەی بۆ بەدەستهێنانی رێککەوتنی کۆتایی دەدرێن.
هاوکات یینگست ئاشکرای کردووە کە ترەمپ بە نیازە لەم قۆناخــەدا داوا لە ئێرانیش بکات وەڵامی هێرشەکان نەداتەوە و گوشارەکان کەم بکرێنەوە تاوەکو رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی لە ناوچەکەدا جێبەجێ بکرێت.

.webp&w=3840&q=75)
