رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێت: دانوستاندنەکان بۆ رێککەوتن تاوەکو ئەو کاتەیە لایەنی بەرانبەر ئەرکەکانی جێبەجێ دەکات.
رۆژی دووشەممە، 15ی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند:" رۆژی هەینی 19ی حوزەیران، یاداشتی لێکتێگەشتن لەگەڵ ئەمریکا واژۆ دەکرێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە،" کۆماری ئیسلامیی ئێران بە رێبەرایەتی رێبەری شەهیدی خۆی، باڵادەستی خۆی بەسەر دووژمنی زایۆنی و ئەمریکادا تەواو کرد و جەنگ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سەرجەم بەرەکان بە لوبنانیشەوە دەستبەجێ و بۆ هەمیشەیی کۆتایی دێت و هەر ئەمشەو دەستپێدەکات."
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاندووە: "گەمارۆی دەریایی ئێران بەتەواوی و دەستبەجێ کۆتایی دێت."
بە گوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنەکە، "دانوستاندنەکان بۆ رێککەوتنی کۆتایی دوادەخرێن، تاوەکو ئەو کاتەی لایەنی بەرامبەر ئەرکەکانی خۆی بەپێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن جێبەجێ دەکات."
بەیانیی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، رۆژی هەینی رێککەوتن لەگەڵ ئێران واژۆ دەکرێت و بەوەش نەوت بە تەنگەی هورمز دا بۆ بازاڕەکانی جیهان دەڕوات.
پێشتر، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X نووسی: "دوای دانوستاندنی چڕ، خۆشحاڵین رایبگەیێنین کە رێککەوتنی ئاشتی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدەستهات. هەردوولا کۆتاییهێنانی دەستبەجێ و هەمیشەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە سەرجەم بەرەکاندا راگرت، لەنێویاندا لە لوبنانیش"
پێش ئەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) رایگەیاند، لەگەڵ ئێران بە تەواوی گەیشتوونەتە رێککەوتن. ترەمپ نووسیویەتی: "رێککەوتنەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستا تەواو بوو. پیرۆزە لە هەمووان! لێرەوە بە تەواوی رێگە دەدەم بە کردنەوەی بەخۆڕایی و بێ باجی تەنگەی هورمز، و هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا، فەرمان دەکەم بە لابردنی دەستبەجێی گەمارۆی دەریایی هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. کەشتییەکانی جیهان، بزوێنەرەکانتان دابگیرسێنن، با هاتووچۆی نەوت دەستپێبکاتەوە."


.jpg&w=3840&q=75)
.webp&w=3840&q=75)