رووداو دیجیتاڵ
دواجار ئێران و ئەمریکا لەسەر یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ رێککەوتن. شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، شەوی یەکشەممە سەرکەوتنی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا و رێککەوتنی لەسەر یاداشتێکی لێکتێگەیشتن راگەیاند.
شەهباز شەریف لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "دوای دانوستاندنی چڕ، خۆشحاڵین رایبگەیێنین کە رێککەوتنی ئاشتی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدەستهات. هەردوولا کۆتاییهێنانی دەستبەجێ و هەمیشەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە سەرجەم بەرەکاندا راگرت، لەنێویاندا لە لوبنانیش."
سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئاماژەی بەوەش کرد کە رۆژی هەینی رێوڕەسمێکی فەرمی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنەکە لە سویسرا بەڕێوەدەچێت و سوپاسی تورکیا، قەتەر و سعودیەی کرد بۆ نێوەندگیری و هاوکاریکردنیان لە بەدیهێنانی ئەم پڕۆژەیەدا.
دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاند، لەگەڵ ئێران بە تەواوی گەیشتوونەتە رێککەوتن.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) نووسیویەتی: "رێککەوتنەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستا تەواو بوو. پیرۆزە لە هەمووان! لێرەوە بە تەواوی رێگە دەدەم بە کردنەوەی بەخۆڕایی و بێ باجی تەنگەی هورمز. هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا فەرمان دەکەم بە لابردنی دەستبەجێی گەمارۆی دەریایی هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. کەشتییەکانی جیهان، بزوێنەرەکانتان دابگیرسێنن، با نەوت بێت و بچێت."
راگەیاندنی رێککەوتنی تاران و واشنتن، لە نێوخۆی ئێران کاردانەوەی جیاواز لێکەوتەوە و لە میدیاکاندا قسەی جیاواز تایبەت بە پرسەکە باس دەکرێ.
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران: رۆژی هەینی لێکتێگەشتن لەگەڵ ئەمریکا واژۆ دەکرێ
رۆژی دووشەممە، 15ی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند:" رۆژی هەینی 19ی حوزەیران، یاداشتی لێکتێگەشتن لەگەڵ ئەمریکا واژۆ دەکرێ".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران بە رێبەرایەتی رێبەری شەهید، باڵادەستی خۆی بەسەر دووژمنی زایۆنی و ئەمریکادا تەواو کرد و جەنگ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سەرجەم بەرەکان بە لوبنانیشەوە دەستبەجێ و بۆ هەمیشەیی کۆتاییان دێت و هەر ئەمشەویش ئەمە دەستپێدەکات."
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند: "گەمارۆی دەریایی ئێران بەتەواوی و دەستبەجێ کۆتایی دێت."
بە گوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنەکە، "دانوستاندنەکان بۆ رێککەوتنی کۆتایی دوادەخرێن، تاوەکو ئەو کاتەی لایەنی بەرامبەر ئەرکەکانی خۆی بەپێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن جێبەجێ دەکات."
ئەو خاڵانەی لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە:
-ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی تایبەت بە گفتوگۆکانی کۆتاییهێنانی جەنگ (گفتوگۆکانی ئیسلامئاباد) لەنێوان ئێران و ئەمریکادا لە درەنگانی شەوی 14ی حوزەیراندا کۆتایی پێهێنا و پەسندی کرد.
-جەنگ و ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە هەموو بەرەکانی شەڕ لەوانەش لوبنان، لەمشەوەوە بە شێوەیەکی خێرا و هەمیشەیی کۆتایی دێت.
-گەمارۆی دەریایی سەر ئێران دەستبەجێ و بە تەواوی لادەبرێ.
-واژۆکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە لە رۆژی هەینی 19ی حوزەیراندا بە شێوەیەکی فەرمی بەڕێوەدەچێت.
-دانوستاندنەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی دەخرێتە دوای جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی لایەنی بەرامبەر بەپێی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە.
"لە دوایین ساتەکاندا ترەمپ دەستکەوتی دایە ئێران"
ئاژانسی (فارس نیووز) کە میدیایەکی نزیک لە سوپای پاسدارانە، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە شاندی دانوستاندنکاری ئێرانەوە چەند زانیارییەکی لەبارەی رەوتی دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن بۆ واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی ئاشتی لەنێوان هەردوو وڵات خستەڕوو.
لە راپۆرتەکەدا، فارس نیووز لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکەوە دەڵێ، دوای ئەوەی رۆژی شەممە هێڵە گشتییەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە لایەن ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییەوە پەسند کران، لە بەیانی رۆژی یەکشەممەوە بە هاتنی شاندی قەتەری، هەندێک پرس خرانە بەرباس کە هێشتا یەکلایی نەکراونەتەوە. پێدەچوو ئەم پرسانە بێ چارەسەر بمێننەوە تاوەکو دەوروبەری نیوەڕۆی یەکشەممە کە ئیسرائیل هێرشی کردە سەر باشووری بەیرووت و بە کردەوە ئەو هێڵە سوورانەی بەزاند کە ئێران دیاری کردبوون.
ئاژانسەکە دەڵێت: "دوای هێرشەکەی سەر باشووری بەیرووت، ئێران خۆی ئامادە دەکرد کە لە چەند بەرەیەکی جیاوازەوە هێرشی بەرفراوان بۆ سەر قەوارەی زایۆنی دەستپێبکات و دانوستاندن خەریک بوو بگاتە بنبەست. بەڵام بە دەستوەردانی ترەمپ و ئەو دەستکەوتە نوێیانەی لە بەرامبەر هێرشنەکردنی ئێران بۆسەر ئیسرائیل پێشکەش کران، شاندی دانوستاندنکاری ئێران رازی بوو کە ئەم رێککەوتنە لە بەرژەوەندیی وڵات و بەرژەوەندیی گەلی لوبناندایە."
فارس نیووز باس لە گۆرانکارییەکان لە دەقی لێکتێگەیشتنەکە لە دوایین چرکەساتەکان دەکات و دەڵێ: "لادانی دەستبەجێی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران لەبری لابردنی گەمارۆکە لە 30 رۆژدا کە پێشتر رێککەوتنی لەسەر کرابوو، هەروەها کۆتاییهاتنی جەنگ و ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە هەموو بەرەکان و سەرجەم ناوچەکانی لوبنان و پێویستیی رێزگرتن لە سەروەریی خاکی ئەو وڵاتە، ئەم دوو خاڵە بوون کە لە دوایین ساتەکاندا ترەمپ لەسەریان رازی بوو."
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "راوێژ و گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا تاوەکو کاتەکانی کۆتایی شەوی یەکشەممە بەردەوام بوون. لە کاتێکدا هەموو شتێک بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ئامادە بوو، بە چۆکدادانی ئەمریکا لە بەرامبەر داواکارییەکانی ئێران، بە کردەوە کۆسپەکانی بەردەم واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە لادران و بڕیاردرا رۆژی هەینی ئەم یاداشتە واژۆ بکرێ."
دانوستاندن لەبارەی رێککەوتنی کۆتایی لەسەر چی دەبێت؟
ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستاندنکاری ئێرانەوە نووسراوێکی بڵاوکردەوە کە گوایە دەقی ئەو یاداشتە لێکتێگەیشتنەیە کە ئێران و ئەمریکا لەسەری رێککەوتوون.
ئاژانسەکە ئەمرۆ دووشەممە بڵاویکردەوە، بەگوێرەی لێکتێگەیشتنەکە کۆتایی بە جەنگ لە هەموو بەرەکان دەهێنرێ، لەنێویاندا لە لوبنان کە ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشکردنە سەری؛ هەروەها 24 ملیار دۆلار لە پارە سڕکراوەکەی ئێران ئازاد دەکرێ کە نیوەی بەر لە دەستپێکردنی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان دەبێ؛ هەروەها 60 رۆژیش بۆ دانوستاندن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران دیاری دەکرێ.
هەروەها یاداشتەکە هەڵپەساردنی سزاکانی سەر فرۆشتنی نەوتی ئێران، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆسەر بەندەرەکانی ئێران و پلانی ناچارکردنی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ قەرەبووکردنەوەی ئێران لە بەرامبەر ئەو زیانەی بەهۆی شەڕەکەوە بەر ئەو وڵاتە کەوتووە، لەخۆدەگرێ، کە بڕی پارەی قەرەبووکردنەکە 300 ملیار دۆلار دەبێت.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئەمریکا بەڵێن دەدات کە دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆی ئێران نەکات و لە کاتی دانوستاندنەکاندا هێزی زیاتر رەوانەی ناوچەکە ناکات.
ئاژانسەکە باس لەوە دەکات، دانوستاندنی کۆتایی پێش ئازادکردنی نیوەی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران، راگرتنی گەمارۆ نەوتییەکانی ئێران و لادانی گەمارۆی دەریایی دەستپێناکات؛ هەروەها رێککەوتنی کۆتاییش تەنیا لەسەر پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم و چارەنووسی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران، لادانی سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران و بەرنامەی ئاوەدانکردنەوەی ئابووریی ئێران ئەنجام دەدرێ و بە هیچ شێوەیەک دانوستاندن دەربارەی بەرنامەی مووشەکیی ئێران و پشتگیریکردنی تاران لە هێزەکانی بەرەی مقاوەمە ناکرێ.
یۆرانیۆمی پیتێنراو نابرێتە دەرەوە
ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی ئێرانی (ئیسنا) ئەمڕۆ دووشەممە راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بە چەند وردەکارییەکی نێو یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکات.
ئیسنا دەڵێ، بەپێی ئەو وردەکارییانەی لەبارەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا بڵاوکراونەتەوە، وەک ئەوەی پاکستان بانگەشەی دەکات، جەخت لەسەر لادانی گەمارۆکانی سەر ئێران کراوەتەوە؛ هەروەها لە کۆی 28 ملیار دۆلار پارەی بلۆککراوی ئێران، لەنێوان 10 بۆ 14 ملیار دۆلاری ئازاد دەکرێ.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەپێی لێکتێگەیشتنەکە جەنگ لە تەواوی بەرەکان رادەگیرێ و هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەکشێنەوە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، لە یاداشتەکەدا ئاماژە بە دۆسیەی یۆرانیۆمی پیتێنراو کراوە و هاتووە کە یۆرانیۆمەکە و هەروەها دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە نێوخۆی ئێراندا دەمێننەوە.
ئاژانسەکە دەڵێ، بەپێی بەندەکانی ئەم لێکتێگەیشتنە، سندووقێکی قەرەبووکردنەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران دادەمەزرێ؛ هەروەها ئێران بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز دەگرێتە دەست و لە داهاتوودا باج لە کەشتییەکان وەردەگرێ.
دانوستاندنەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی ئاشتی کەی دەستپێدەکات؟
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، کە لە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە نزیکە، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە باس لە کاتی دەستپێکردنی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی ئاشتی دەکات.
تەسنیم دەڵێ، بەپێی بەندی سێزدەیەمی لێکتێگەیشتنەکە، دانوستاندنەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی دوای واژۆکردنی یاداشتەکە و پشکنین و دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی ئەو بەندانەی تایبەتن بە لادانی گەمارۆی دەریایی، دەستپێکردنی پڕۆسەی کردنەوەی تەنگەی هورمز، ئازادکردنی بەشێک لە داراییەکانی ئێران و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران لە بواری فرۆشتنی نەوت، پێترۆکیمیایی و بەرهەمە نەوتییەکان دەستپێدەکات.
ئێران دۆخی "نیمچە خۆبەدەستەوەدان"ی تێپەراند
هاوکات سەعید ئاجورلو، ئەندامی تیمی راگەیاندنی نزیک لە شاندی دانوستاندنکاری ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی ئەو وڵاتەدا رایگەیاند، گەیشتن بەم دەقە نوێیەی لێکتێگەیشتنەکە تەنیا 100 رۆژ دوای کۆتاییهاتنی جەنگ، بەڵگەیەکی روونە لەسەر شکستی ستراتیژیی "دووژمن" و رەنگدانەوەی راستیی بەرگریی نیشتمانی و خۆڕاگریی ئێران.
سەعید ئاجورلو ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتر بۆ زۆر کەس قورس بوو بڕوا بە بەدەستهێنانی ئەم دەستکەوتە بکەن و پێیان وابوو تیمی ئێرانی زۆر گەشبینە، بەڵام پێشهاتەکان سەلماندیان کە هۆشدارییەکانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران لەبارەی پووچەڵکردنەوەی نەخشەی ئەمریکا بۆ قوتدانی ئێران، بە تەواوی هاتنە دی.
ئاجورلو گوتی، شاندی ئێرانی توانیویەتی لەو دۆخە سەختە و لەو 15 خاڵە تێپەڕێ کە پێشتر پێشکێش کرابوون و تا رادەیەک وەک "نیمچە خۆبەدەستەوەدان" دەبینران؛ دەشڵێ، لە بەرامبەردا دەقێکی نوێ بەدەستهاتووە کە کۆتاییهاتنی جەنگ لە هەموو بەرەکانی شەڕدا دەستەبەر دەکات و بنەمای "یەکگرتوویی گۆڕەپانەکان" بە تەواوی تێیدا پارێزراوە.
ئەو ئەندامەی تیمی راگەیاندنی شاندی دانوستاندنکاری ئێران ئاماژەی بە تایبەتمەندییە یاسایی و تەکنیکییەکانی رێککەوتنەکە کرد و رایگەیاند، لەم دەقەدا پرەنسیپەکانی وەک "گەڕانەوە بۆ دواوە لە کاتی پێشێلکاری، سوودمەندبوونی ئابووری و قۆناخ بە قۆناخبوونی جێبەجێکردنی بەڵێنەکان" بە تەواوی رەچاو کراون؛ هەروەها پرسی لادانی گەمارۆ نەوتییەکانیش وەک هەنگاوێکی سەرەکی تاوەکو کۆتاییهاتنی گشتیی سەرجەم گەمارۆکان لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنەکەدا جێگیر کراوە.

.jpg&w=3840&q=75)
.webp&w=3840&q=75)