رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران سەبارەت بە نێوەڕۆکی یاداشتی لێکتێگەیشتنی تاران و واشنتن دەڵێت، ''ئەگەر بە دروستی جێبەجێ بکرێ، بەڵگەنامەیەکی شانازییە بۆ وڵات.'' دەشڵێت، یاداشتنامەکە زۆر لە کێشەکانی ئێران و ناوچەکە چارەسەر دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 15-06-2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە دانیشتنێکدا لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی وڵاتەکەی، باسی لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتن کرد و رایگەیاند، بەپێی بڕگەکانی، زۆر لە کێشەکان چارەسەر دەبن و دۆخێکی نوێ لە ئێران و ناوچەکە دێتە ئاراوە.
بەگوتەی مەسعود پزیشکیان، ئەگەر هەموو بڕگەکانی یاداشتنامەکە بە دروستی جێبەجێ بکرێن، وەک ''بەڵگەنامەیەکی شانازی'' بۆ وڵاتەکەی هەژمار دەکرێ.
سەرۆککۆماری ئێران بەبێ ئاماژەدان بە وردەکارییەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن گوتی: ''نەوەک تەنیا بۆ ناوخۆی وڵات، بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکە و بەرەی موقاوەمەش شانازییەکی گەورەیە. وردەکارییەکانیشی لە کاتێکی گونجاودا دەخرێنەڕوو.''
مەسعود پزیشکیان سوپاسی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیشی دەکات کە لە گەیاندنە ئەنجامی گفتوگۆکاندا لەگەڵ ئەمریکا ''رۆڵی ئەرێنی''ـیان گێڕاوە.
بەیانیی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی هەینی رێککەوتن لەگەڵ ئێران واژۆ دەکرێت و بەوەش نەوت بە تەنگەی هورمز دا بۆ بازاڕەکانی جیهان دەڕوات.
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانیش رایگەیاند، بەپێی یاداشتنامەکە گەمارۆی دەریایی ئێران ''بەتەواوی و دەستبەجێ'' کۆتایی دێت.
بڕیارە دوای واژۆکردنی یاداشتەکەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران لە جنێڤی سویسرا، 60 رۆژ دانوستاندنی نێوانیان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بەردەوام بێت.


