رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای راگەیاندنی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆسەر باشووری لوبنان بەردەوامن و لە نوێترین هێرشدا چوار کەس کوژران.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 16ی حوزەیرانی 2026، میدیای فەرمیی لوبنان بڵاویکردەوە، درۆنی ئیسرائیل دوو ئۆتۆمبێلی لە شارۆچکەی (مەیفەدوون) و ئۆتۆمبێلێکی دیکەی لە ناوچەی (شووکین) لە پارێزگای نەبەتیە کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، لەو هێرشانەدا چوار کەس کوژراون و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.
لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، هێرشێکی بۆسەر باشووری لوبنان ئەنجامداوە، دوای ئەوەی "ئۆتۆمبێلێکی گوماناوی" لەو ناوچەیەدا بینیوە کە سەربازەکانیانی لێیە.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد کە چەند مووشەکێکی تەقاندووەتەوە کە ئاڕاستەی سەربازانی ئیسرائیل کرابوون و دواتر سەکۆی هاویشتنی مووشەکەکانی تێکشکاندووە.
تاوەکو ئێستا حیزبوڵڵای لوبنان هیچ راگەیێندراوێکی سەبارەت بە هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل لەمڕۆدا بڵاونەکردووەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی لەدوای راگەیاندنی رێککەوتنی واشنتن و تاران لە رۆژی دووشەممەوە تووندوتیژی کەمی کردووە، بەڵام بەگوێرەی میدیای فەرمیی لوبنان، لە دوێنێوە پێنج کەس بە هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون.
کەمبوونەوەی هێرشەکان وایکردووە هەندێک لە دانیشتووانی باشووری لوبنان بگەڕێنەوە بۆ گوند و شارۆچکەکانی خۆیان، بەڵام سوپای لوبنان هۆشداریی داوەتە هاووڵاتییان کە گەڕانەوەیان دوابخەن، چونکە هێشتا "مەترسیی پێشێلکاری و هێرشەکانی ئیسرائیل" لەئارادایە.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان دەڵێ، لە 2ی ئادارەوە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون، گەیشتووەتە سێ هەزار و 826 کەس.
هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی سێشەممە رایگەیاند، کۆتاییهێنان بە جەنگ بێ "کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچانەی لەم جەنگەدا داگیری کردوون" تەواو نابێت.
عێراقچی گوتی، "هەر هێرشێکی سەربازیی رژێمی زایۆنی بۆسەر لوبنان و بەردەوامیی داگیرکاریی خاکەکەی، بە لای ئێمەوە وەک پێشێلکردنی رێککەوتنامەکە هەژمار دەکرێ."
ئەمە لەکاتێکدایە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی دووشەممە رایگەیاند، هێزەکانی لەنێو خاکی لوبنان دەمێننەوە "تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بێت."



