رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵینەوەیەکی پەرلەمانی ئیسرائیل دەریدەخات، ژمارەی ئەو کەسانەی ئیسرائیل جێدەهێڵن، زیاترە لەوانەی دەچنە ناوی بە مەبەستی مانەوە و ژیان تێیدا.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لەلایەن لیژنەیەکی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێسێت)ەوە کراوە، لە ساڵانی 2022، 2023 و 2024 زیاتر لە 210 هەزار ئیسرائیلی لەو وڵاتە چوونەتە دەرەوە. ئەمە زۆربوونێکی یەکجار گەورەیە کاتێک بەراورد دەکرێ بە ساڵانی 2009 بۆ 2021، کە تێیدا تێکڕای چوونە دەرەوەی ساڵانە نزیکەی 40 هەزار کەس بووە.
داتاکانی لێکۆڵینەوەکە پیشانی دەدەن، لەدوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە تشرینی یەکەمی 2023ەوە جێهێشتنی ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، لە بەرامبەریشدا ژمارەی ئەو کەسانەی دەچنە وڵاتەکە بۆ مانەوە تێیدا کەمی کردووە. جیاوازیی نێوان ئەو کەسانەی دەچنە ئەو وڵاتە بۆ ژیان و ئەوان لێی دەردەچن لەم ماوەیەدا گەیشتووەتە 140 هەزار کەس، واتە رۆیشتووەکان 140 هەزار کەس زیاتر بووە لەوانەی چوونەتە وڵاتەکە.
راپۆرتەکە پشانی دەدات، نزیکەی نیوەی ئەو کەسانەی وڵاتەکەیان جێهێشتووە، گەنجانی خاوەن بڕوانامەی باڵان. بەپێی ئامارەکە، 48%ی هاووڵاتییانی دەرچوو تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 44 ساڵە. ئەوەی جێگەی نیگەرانیی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیلە ئەوەیە کە 33.2%ی هاووڵاتییان کە ئیسرائیلیان جێهێشتووە، هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس، 21.5% ماستەر و 3.7%یان هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا بوون.
زۆربەی ئەم کەسانە دەرچووی بەشە زانستییەکانی وەک بیرکاری، زانستی کۆمپیوتەر و فیزیا بوون. گیلاد کاریڤ، ئەندامی کنێسێت لە پارتی دیموکرات هۆشداری دەدات و دەڵێت، "زاناکان و داهێنەرانی سبەینێ بە رێژەیەکی زۆر زیاتر لە رێژەی دانیشتووان، ئیسرائیل جێدەهێڵن. ئەمە هەڕەشەیەکی ستراتیژییە بۆسەر ئاییندەی وڵات."
ساڵی 2024 بووە خاڵی وەرچەرخان لە مێژوی ئیسرائیل، چونکە بۆ یەکەمجار هاوسەنگیی کۆچ نەرێنی بوو. لەو ساڵەدا 82 هەزار و 700 ئیسرائیلی وڵاتیان جێهێشت، کە ئەمە بەرزترین ژمارەیە لە مێژوودا. 52%ی ئەوانەی لە ساڵی 2024دا چوونە دەرەوە، لە نێوخۆی ئیسرائیل لەدایکببوون، نەوەک ئەوەی خەڵکی وڵاتانی دیکە بووبن و بۆ ژیان روویان لە ئیسرائیل کردبێت.
بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی گەشەپێدانی ئابووری، ئەڵمانیا زۆرترین سوودی لەم شەپۆلە کۆچە بینیوە و 18%ی ئیسرائیلییەکان روویان لەو وڵاتە کردووە. ئاسانکاریی یاساکانی ئەڵمانیا بۆ ئەو کەسانەی کە نەوەی قوربانیانی هۆڵۆکۆستن، وایکردووە بە ئاسانی وڵاتینامە وەربگرن.




