رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا، گەمارۆی دەریاییان لەسەر هەموو بەندەر و ناوچە کەناراوییەکانی ئێران هەڵگرتووە و رێگری لە هاتووچۆی کەشتییەکان ناکەن، بەڵام بۆ چاودێریکردنی رێککەوتنەکە، کەشتییە جەنگییەکانیان لە ناوچەکە دەمێننەوە.
رۆژی پێنجشەممە، سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ، هێزەکانی ئەمریکا بەپێی رێنماییەکانی سەرۆک، گەمارۆی سەر سەرجەم هاتووچۆ دەریاییەکانیان هەڵگرت کە دەچنە نێو بەندەر و ناوچە کەناراوییەکانی ئێرانەوە یان لێیانەوە دەردەچن."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هێزەکانی ئەمریکا رێگری لە دەربازبوونی کەشتییەکان ناکەن بۆ بەندەرەکانی ئێران یان لێیانەوە لە کەنداوی عەرەبی و کەنداوی عومان. سەرجەم هەوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی گەمارۆکە راگیراون."
سەبارەت بە چارەنووسی هێزەکانیشیان لە دوای هەڵگرتنی گەمارۆکە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە: "کەشتییە جەنگییە مەزنەکانمان لە ناوچە گشتییەکەدا دەمێننەوە، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی سەرجەم خاڵەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێن و بەتەواوی کاریان پێدەکرێت."
کۆتاییهێنان بە گەمارۆکە دوای ئەوە دێت کە
رۆژی چوارشەممە، ترەمپ و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لێکتێگەیشتنێکیان واژۆ
کرد، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئێران پابەندە بەوەی بۆ
ماوەی 60 رۆژ رێگە بدات کەشتییە بازرگانییەکان بەبێ پێدانی هیچ باج و رسووماتێک بە
تەنگەی هورمزدا بڕۆن.
پێش راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، رۆژی
پێنجشەممە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی گوت، بۆ دوو شەوی
لەسەر یەکە ئێران تەقەی لە کەشتییەکان نەکردووە لە هورمز. ڤانس گوتی: "تاوەکو
ئێستا ئەوان پابەندی بەڵێنەکانیانن."
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، لە
شەوێکدا زیاتر لە 12 ملیۆن بەرمیل نەوت بە هورمزدا تێپەڕیوە.
کۆمپانیەی کەیپلەر (Kpler) بۆ
زانیارییە بازرگانییەکان رایگەیاندووە، سێ کەشتیی نەوتهەڵگری سعودیە بە نزیکەی 6
ملیۆن بەرمیل نەوتەوە بە تەنگەکەدا تێپەڕیون.
پێش ئەوەی لە 28ـی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل
هێرش بکەنە سەر ئێران، رۆژانە نزیکەی 14 ملیۆن بەرمیل نەوت و 6 ملیۆن بەرمیل
بەرهەمی پاڵاوتە بە هورمزدا دەرباز دەبوون.
بەڵام لە وەڵامی هێرشەکاندا، تاران دەستی بە
هێرشکردنە سەر کەشتییەکان کرد لە هورمز، بەمەش بەتەواوی ئەو رێڕەوە دەریاییەی
داخست و گەورەترین پچڕانی لە دابینکردنی نەوت لە مێژوودا دروستکرد.
سەرەتای ئەم هەفتەیە، کۆمپانیای کەیپلەر
پێشبینی کردبوو کە ئەگەر رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران بەبێ هیچ کێشەیەک بەتەواوی
جێبەجێ بکرێت، ئەوا لە ماوەی 30 رۆژدا هەناردەی نەوت بەنێو هورمزدا دەگاتە نزیکەی
50٪ـی ئاستی پێش شەڕەکە. هێشتا روون نییە کەی هەناردەکردن بەنێو تەنگەکەدا
بەتەواوی دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی پێش شەڕ، یان ئایا هەرگیز دەگەڕێتەوە ئەو ئاستە یان
نا.



