رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی یەکشەممە، نێوەندگیرەکانی ئەمریکا و ئێران کە پاکستان، سعودیە، تورکیا و میسرن، لە قاهیرە کۆببنەوە، ئەمەش بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتووی رێککەوتنی واشنتن و تاران.
رۆژی هەینی 19-06-2026 وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بڵاویکردەوە، ئەو کۆبوونەوە چوارقۆڵییە وەزیرانی دەرەوەی پاکستان، سعودیە، تورکیا و میسر کۆدەکاتەوە بۆ "تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ناوچەکە و گۆڕینەوەی بیروڕا لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیری."
ئەم چوار وەزیرە دوایین جار لە مانگی نیسان و لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا لە تورکیا کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکەی قاهیرە لە کاتێکدایە، ئەو دانوستاندنە تەکنیکییانەی بڕیاربوو رۆژی هەینی لەنێوان واشنتن و تاران لەو وڵاتە بەڕێوەبچن، دواخران.
سەبارەت بە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەکە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە لەگەڵ ئەمریکا واژۆکرا و هەربۆیە کۆبوونەوەی سویسرا پێویست نەبوو.
ئەو یاداشتنامە لێکتێگەیشتنەی ئەم هەفتەیە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانەوە واژۆکرا، ئامانجی کۆتاییهێنانە بەو جەنگەی لە 28ـی شوباتی ئەم ساڵەوە بە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد.
بەپێی بەندەکانی رێککەوتنەکە، پێویستە تەنگەی هورمز بەڕووی بازرگانیدا بکرێتەوە و 60 رۆژیش وەک "قۆناخی تەکنیکی" بۆ دانوستاندن لەسەر پرسە سەرەکییەکانی وەک بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دیاریکراوە.
سەرەڕای واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن، هێرشە ئاسمانی و پێکدادانە زەوینییەکان لە لوبنان تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوام بوون، ئەمەش وایکرد نێوەندگیرە ئەمریکی و ناوچەییەکان دەستوەردان بکەن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا.
بەپێی زانیارییەکان، بە نێوەندگیریی ئەمریکا و قەتەر و دوای گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل و ئێران، ئاگربەستێک لە کاژێر 4:00ی دوای نیوەڕۆی رۆژی هەینی (بە کاتی هەولێر) لە نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل چووە واری جێبەجێکردنەوە.



.jpg&w=3840&q=75)