رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی لوبنان دەڵێ، تەنیا کەمێک دوای ئەوەی بەرپرسێکی ئەمریکی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای راگەیاند، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی کردە سەر باشووری لوبنان.
ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی لوبنان (NNA) بڵاویکردەوە، فڕۆکەکانی ئیسرائیل ناوچەی جزین-یان لە باشووری وڵاتەکە بۆردوومان کرد؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە درۆنەکانی ئیسرائیل لە ئاسمانی ناوچەی سووڕ دەبینرێن.
هاوکات ئێوارەی ئەمڕۆ دەنگی تۆپبارانێکی بەردەوام لە شاری نەبەتیە دەبیسترا.
پێش هەواڵی ئەم هێرشە، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی رایگەیاند، ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بە نێوەندگیریی ئەمریکا، قەتەر و ئێران لەسەر ئاگربەست رێککەوتوون.
بەر لەوەی دەنگۆی رێککەوتنی ئاگربەستیش بڵاوبێتەوە، سوپای ئیسرائیل گوتی، لە هێرشەکانی بۆسەر باشووری لوبنان بەردەوام دەبێت.
ئێفی دێفرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوتارێکدا گوتی، "لە شەوی رابردووەوە سوپای ئیسرائیل زیاتر لە 100 ئامانجی حیزبوڵڵای لە ناوچە جیاجیاکانی بیقاع، نەبەتیە و چەندین شوێنی دیکە پێکاوە. لەم هێرشانەدا دەیان چەکدارمان کوشتووە. تاوەکو ئێستا هێرشەکانمان چڕ بوون و بەگوێرەی پێویست بەردەوامیش دەبن. سەربازەکانمان لە باشووری لوبنان بەردەوامن لە لەنێوبردنی ژێرخانی چەکداران، پاککردنەوەی ناوچەکە لە مەترسییەکان و لەنێوبردنی پێگە گرنگەکانی ژێر زەوی."
دێفرین گوتی، "حیزبوڵڵا لە هەوڵی ئەوەدایە رێگری لە هێزەکانمان بکات بۆ ئەوەی پرۆسەی لەنێوبردنی ژێرخانەکانیان تەواو نەکەین. حیزبوڵڵا لایەنی سەرپێچیکار بووە لە ئاگربەست. ئەوان دەیانەوێ ئەو توانایانە بپارێزن کە بەدرێژایی ساڵان دروستیان کردووە. دەمەوێ ئەوە روون بکەمەوە، هێزەکانمان لەوێ ئازادیی تەواوی ئۆپەراسیۆنیان هەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەک لە ناوچەکەدا."



