رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل، هێرشێکی تووندی کردە سەر بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی و رایگەیاند، نەتەنیاهوو بەبێ گوێدانە کاردانەوەی تورکیا و هەژموونی ئەردۆغان لە واشنتن، کاری لەسەر"پلانی کورد" بۆ لێدانی ئێران کردووە، بەڵام سەرۆکی تورکیا لەو بارەیەوە "تەمێی کرد".
رۆژی شەممە، 20-06-2026، یائیر لافید، لە لێدوانێکی رەخنەگرانەدا سەبارەت بە سیاسەتەکانی نەتەنیاهوو لە جەنگی ئێراندا گوتی: "نەتەنیاهوو گەیشتووەتە قۆناخێکی مەترسیدار لە ژیانی دا، کە تێیدا هەموو ئەو زانیارییانەی بە دڵی نین، سەرکوت دەکات. ئەو پلانی چەکدارکردنی کوردەکانی ئێرانی گەڵاڵە کرد بەبێ ئەوەی رەچاوی کاردانەوەی چاوەڕوانکراوی تورکیا و ئەو کاریگەرییە بکات کە ئەردۆغان لە واشنتن هەیەتی؛ ئەردۆغان تەمێی کرد."
پلانی سەرەتایی و پاشەکشەی کتوپڕی ترەمپ
بەپێی زانیارییەکان، لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران و ئەمریکا لە شوباتی 2026، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل چوارچێوەیەکی نهێنییان داڕشتبوو بۆ پڕچەککردنی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکانی ئێران (رۆژهەڵاتی کوردستان) کە بنکەکانیان لە هەرێمی کوردستانە. ئامانجی پلانەکە ئەوە بوو کە ئەو هێزانە هێرشێکی زەوینی بکەن و هانی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی ناو ئێران بدەن.
بەڵام ئەم پلانە رووبەڕووی بەربەستێکی گەورە بووەوە؛ ئەنقەرە بە تووندی دژی وەستایەوە.
رۆژی 6ی حوەزیران، رۆژنامەی دەیلی سەباحی تورکیا بڵاویکردبووەوە، تورکیا هۆشداریی داوەتە کۆشکی سپی کە بەهێزکردنی گرووپە چەکدارە کوردییەکان لەسەر سنوورەکانی، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی و ناوچەکە ناسەقامگیر دەکات.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، دوای چەندین گفتوگۆی ئەردۆغان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، کتوپڕ ستراتیژیی خۆی گۆڕی و فەرمانی دا دەستبەجێ گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازی بۆ ئەو گرووپانە رابگیرێت و پلانەکە هەڵوەشێنرایەوە.
هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان؛ "نابینە بریکاری کەس"
سەرەڕای پلانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە ماوەی جەنگی 40 رۆژەدا، هەڵوێستێکی سەربەخۆیان هەبوو. لە شوباتی 2026، لایەنە سەرەکییەکان وەک (حدکا، پژاک و کۆمەڵە) لە ژێر چەتری "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" یەکیان گرت، بەڵام رەتیانکردەوە وەک "بریکاری سەربازی" کار بکەن.
سەرکردەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، پێیان وابوو کە دەستپێشخەرییەکی سەربازیی جیاواز لەلایەن کوردەوە بەبێ راپەڕینێکی سەرتاسەری، دەبێتە هۆی تۆڵەکردنەوەیەکی تاران بەبێ ئەوەی هەڕەشەی جیدی لەسەر دەسەڵاتی ناوەندی دروست بکات. هەرچەندە نەچوونە ناو پلانەکەشەوە، بەڵام ئێران بە درێژایی ململانێکان، بەردەوام بنکەکانیانی لە هەرێمی کوردستان بە مووشەک و درۆن بۆردوومان دەکرد.
وەڵامی ترەمپ بۆ رووداو لەبارەی پێدانی چەک بە کورد
پرسی پێدانی چەک بە کورد بووە یەکێک لە مشتومڕاوییترین تەوەرەکانی جەنگەکە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندیین جار پێداگری لەسەر گوتەکانی پێشووی کردووە سەبارەت بە پێدانی چەک بە کورد و دەڵێت، ئەو بەرپرسە سەربازییانەی ئەمریکا کە ئەو زانیارییانە رەتدەکەنەوە "هەڵەن".
رۆژی سێشەممە، 12ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ لە کاتی جێهێشتنی کۆشکی سپی و بەڕێکەوتنی بەرەو چین، وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی (رووداو)ی لە واشنتن دایەوە.
پەیامنێری (رووداو) لە دۆناڵد ترەمپی پرسی: "جەنابی سەرۆک، دوێنێ گوتت چەکت داوە بە کورد و بۆ خۆیان هەڵیانگرتووە، بەڵام بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکا دەڵێت چەک بە کورد نەدراوە و لایەنە کوردییەکانیش رەتیدەکەنەوە چەکیان وەرگرتبێت؟"
دۆناڵد ترەمپ بە (رووداو)ی راگەیاند: "بەرپرسەکان هەڵەن."
ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت کە رۆژی 11ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی سەبارەت بە ناردنی چەک بۆ ناوخۆی ئێران گوتی، خەڵک دەیانەوێ بڕژێنە سەر شەقامەکان بەڵام چەکیان نییە و پێیانوابوو کوردەکان چەکیان پێدەدەن، "بەڵام ئەوان نائومێدیان کردین. کوردەکان تەنیا دەبەن، دەبەن و دەبەن."
ئەم دژایەتییەی نێوان گوتەکانی ترەمپ، بەرپرسانی پنتاگۆن و لایەنە کوردییەکان، نیشاندەری ئەو ئاڵۆزییە گەورەیەیە کە سێبەری خستووەتە سەر پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و کورد لەم قۆناخەدا.
.jpg&w=3840&q=75)


