رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی لوبنان ئەمڕۆ هەینی کوژرانی 47 کەسیان لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل راگەیاند، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل کوژرانی چوار سەربازی خۆی راگەیاند.
ئەم شەپۆلە نوێیەی تووندوتیژی بە خراپترین دادەنرێ لە دوای واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ راگرتنی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە بڕیار بوو دەستبەجێ شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵاش رابگرێ.
رۆژی هەینی، 19-06-2026، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکان، 47 کەس کوژراون کە لە نێویاندا حەوت ژن و دوو منداڵ هەن؛ هەروەها 97 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی لوبنان بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەی (جەزین) لە باشووری وڵاتەکە. ئەمەش کەمێک دوای ئەوە هات کە بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لەسەر ئاگربەستێک رێککەوتوون. هاوکات میدیا خۆجێییەکان ئاماژەیان بەوە کرد، درۆنەکانی ئیسرائیل بە ئاسمانی شاری "سوور"دا سووڕاونەتەوە و دەنگی تۆپخانەکانیش لە سنووری شارۆچکەی (نەباتیە) بیستراوە.
بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، ئاگربەستەکە بە نێوەندگیریی ئەمریکا و قەتەر و دوای گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل و ئێران هاتووەتە ئاراوە. دیپلۆماتێکی کەنداویش ئە زانیارییەی پشتڕاستکردەوە. یەحیێل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە ئێکس رایگەیاند: "ئەگەر حیزبوڵڵا رێز لە رێککەوتنەکە بگرێ و هێرشەکانی رابگرێ، ئەوا رووبەڕووی بێدەنگی و هێمنی دەبێتەوە."
هەر رۆژی هەینی، جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ئاگربەستێکی گشتگیر هەبێ تاوەکو گفتوگۆکان بەرەوپێش بچن.
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی لە واشنتن لە رۆژانی 23 بۆ 25ی حوزەیران راگەیاند. تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتی، ئەم گفتوگۆیانە دەرفەتێک دەبن بۆ "پێشکەوتن بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە مارکۆ روبیۆ لە پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ جۆزێف عەون دووپاتی کردووەتەوە کە پێویستە حیزبوڵڵا چەک بکرێ و دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکی لوبناندا هەبێ.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە لە دوێنێ شەوەوە "زیاتر لە 150 هێرشی بۆسەر لوبنان ئەنجام داوە" و زیاتر لە 80 بنکەی فەرماندەیی و ژێرخانی حیزبوڵڵای لە نەباتیە و ناوچەکانی دیکەی باشوور کردوەتە ئامانج؛ هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە "دەیان چەکداری حیزبوڵڵای لەنێو بردووە." لە بەرامبەردا، حیزبوڵڵا رایگەیاند کە هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئیسرائیل لە دەوروبەری نەباتیە.
"دەبێت لوبنان بسووتێندرێ"
جۆزێف عەون هێرشەکانی ئیسرائیلی بە "پێشهاتی مەترسیدار" ناوبرد. ئەمەش دوای ئەوە هات کە سوپای ئیسرائیل کوژرانی ئەفسەرێکی پلە باڵای خۆی بە پلەی لیوا بە ناوی دۆر گێدالیا بێن سیمهۆن و سێ سەربازی دیکەی لە مەیدانی جەنگ راگەیاند. میدیای ئیسرائیل بڵاویکردەوە کە ئەو چوار سەربازە دوای ئەوە کوژراون کە تانکەکەیان پێکراوە.
ئیتامار بن گەڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل کە کەسایەتییەکی تووندڕۆیە گوتی: "دەبێت لوبنان بسووتێندرێ، بۆ هەر فرمێسکێکی دایکی ئیسرائیلی، دەبێت 1000 دایکی لوبنانی بگرین." لە بەرامبەردا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی کە "جەنگی هەمیشەیی" دەوێ.
سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەکەی بێزاریی خۆیان لە بەردەوامیی شەڕی لوبنان دەربڕیوە، بەڵام بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی هەینی رایگەیاند کە هێزەکانیان لە باشووری لوبنان دەمێننەوە "تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بێت."
ئەم جەنگە لە سەرەتای مانگی ئاداری دەستی پێکردەوە، کاتێک حیزبوڵڵا لە تۆڵەی کوژرانی رێبەری پێشووی ئێران لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، دەستی بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل کرد و تەلئەڤیڤیش بە شەپۆلێکی فراوانی هێرشی ئاسمانی و هێرشی زەمینی وەڵامی دایەوە.



