رووداو دیجیتاڵ
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی هێزە چەکدارەکانی یەمەن (حووسییەکان) رایگەیاند، هێزەکانیان بە مووشەکی بالیستی، کەشتییەکی نەوتهەڵگری سعودییان لە دەریای سوور پێکاوە و ئاگری گرتووە؛ هەروەها رایگەیاند، دوو ئۆپەراسیۆنی زەوینی گەورەیان دژی هێزەکانی سعودیە کردووە.
رۆژی دووشەممە، 24ی تەممووزی 2026، سەریع لە راگەیێندراوێکدا لە ئێکس بڵاویکردەوە، کەشتیی نەوتهەڵگری ئەمزەن لە باکووری دەریای سوور و لە نزیک کەناراوەکانی یەنبوع بە مووشەکێکی بالیستی پێکراوە.
سەریع گوتی، "پێکانەکە ورد و راستەوخۆ بووە، بەهۆیەوە ئاگر لە کەشتییەکە کەوتووەتەوە و کەشتییەکانی دیکەی دەوروبەری لە ناوچەکە نەماون". گوتیشی: "هێرشەکە لە چوارچێوەی بڕیاری گەمارۆی دەریایی و هاوکێشەی گەمارۆ بەرامبەر گەمارۆ کراوە."
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، یەحیا سەریع ئاماژەی بە دوو ئۆپەراسیۆنی دیکەی سەربازی بۆ سەر هێزەکانی سعودیە کرد، بە گوتەی ئەو یەکەمیان بۆ سەر کاروانێکی سەربازی بووە لە ناوچەکانی ئەلجەببار و ئەلوەدیعە، بووەتە هۆی سووتان و تێکشکاندنی زیاتر لە 10 بارهەڵگری پڕ لە چەک و کەرەستەی سەربازی.
یەحیا سەریع رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنی دووەمیان لە ناوچەی کەنایس بووە و هێزێکی سعودییەکان لەم ناوچەیە کراوەتە ئامانج، کە بەهۆیەوە دەیان سەرباز و ئەفسەر و فەرماندەی سعودی کوژراون و بریندار بوون، هەروەها چەندین کۆگای چەک تێکشکێنراون."
یەحیا سەریع هۆشداریی دایە سعودیە و رایگەیاند، ئەوان ئامادەن بەرپەرچی هەر جۆرە هێرشێک بە گورزی تووندتر و ئۆپەراسیۆنی گەورەتر بدەنەوە.
رۆژی 13ـی مانگی تەممووز، دوای نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی لە سەنعای پایتەختی یەمەن، هێرشکرایە سەر حوسییەکان، ئەوانیش وەڵامیان دایەوە، دواتر حووسییەکان گەمارۆی دەریاییان بەسەر سعودیەدا راگەیاند و تائێستا حووسییەکان چەندینجار هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی سعودیە لە دەریای سوور، هەروەها چەندین جار ژێرخانی نەوت و فڕۆکەخانەکانی سعودیەیان کردووەتە ئامانج.



