رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکی نوێی ئەمنیدا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی هاووڵاتییانی کرد و داوای لێکردن بەهۆی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە شێوەیەکی جددی لە گەشتەکانیان بۆ ناوچەکە یان بە نێو ناوچەکەدا بچنەوە، هاوکات هۆشداریشی دا لە ئەگەری بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی واشنتن لە سەرانسەری جیهاندا.
رۆژی یەکشەممە، 20ی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئێکس بڵاویکردەوە، بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە ژینگەی ئەمنیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاڵۆزی ماوەتەوە و ئەگەری زیادبوونی چاوەڕواننەکراوی گرژییەکان هەیە؛ داواشی لەو هاووڵاتییە ئەمریکییانە کرد کە ئێستا لە ناوچەکەدان، هۆشیاری و ئاگاداریی ئەمنیی خۆیان بەرز بکەنەوە و چاوەڕوانی هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، داخرانی کایەی ئاسمانی و پەککەوتنی هاتووچۆ بن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "حووسییەکانی سەر بە ئێران دەستیان بە کردەوەی دوژمنکارانە کردووە دژی سعودیە، بە فڕۆکەخانە مەدەنییەکانیشەوە، ئەم ململانێ سەربازییەش توانای ئەوەی هەیە بە خێرایی گرژییەکان زیاد بکەن". داواش لەو کەسانە کراوە کە بە ناچاری گەشت دەکەن، بەردەوام چاودێریی زانیارییەکانی فڕۆکەخانەکان و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بکەن.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، ناوەندە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا، تەنانەت لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، کراونەتە ئامانج؛ هۆشداریشی دا کە رەنگە ئێران و گرووپە لایەنگرەکانی بەرژەوەندییەکانی دیکەی ئەمریکا لە دەرەوە، یان ئەو شوێنانەی بە ئەمریکا و هاووڵاتییانییەوە بەستراونەتەوە لە سەرانسەری جیهاندا بکەنە ئامانج، لەنێویاندا کۆمپانیا و دامەزراوە ئەمریکییەکان.
لە 3ـی ئەیلوولەوە گرووپەکە هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەی نوێ دەستپێکردووە و ژمارەیەک هێرشیشیان کردووەتە سەر سعودیە. هاوکات لە 29ـی تەممووزیشەوە هاتووچۆی کەشتییە نەوتییەکانی سعودیەیان بە تەنگەی بابلمەندەبدا قەدەخە کردووە.
جەنگی نێوخۆی یەمەن کە لە ساڵی 2014ـەوە بە دەستبەسەرداگرتنی سەنعای پایتەخت لەلایەن حووسییەکانەوە دەستیپێکرد، دوای هێوربوونەوەیەکی کاتی لە ساڵی 2022، لە تەممووزی ئەمساڵەوە بە سەختی سەریهەڵدایەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 500 کەس لە پێکدادانەکاندا کوژراون.



