رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی سوپای ئەمریکا سوپای ئیسرائیلیان لە ئامادەکارییەکانیان بۆ هێرشکردنەوە سەر ئێران ئاگادارکردووەتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە لە چەند هەفتەی داهاتوودا هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ئیسرائیل و لە 3-11-2026یش هەڵبژاردنی نیوەی وەرزی لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێ.
رۆژی هەینی، 9ی تشرینی یەکەمی 2026، ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی و بەرپرسێکی دیکەی ئاگادار لە دۆخی ناوچەکەوە بڵاویکردەوە: "رۆژی سێشەممە، ئەیال زامیر، سوپاسالاری هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل قسەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا کردووە و ئەوانیش زانیارییان پێداوە لەبارەی ئامادەکارییەکانی سوپای ئەمریکا بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆسەر ئێران لە سێ هەفتەی داهاتوودا".
دوو سەرچاوەکە دەڵێن: "زامیر ئاماژەی بەوە کردووە کە دەکرێ دەستپێکردنەوەی جەنگ لەو کاتەدا ببێتەهۆی دواخستنی هەڵبژاردنی ئیسرائیل، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەڵسەنگاندنەی کە ئێران بە ئاراستەکردنی مووشەک و درۆن بۆ سەر ئیسرائیل وەڵام دەداتەوە."
بڕیارە رۆژی 27ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ئیسرائیل بەڕێوەبچێت و 3-11-2026یش هەڵبژاردنی نیوەی وەرزی کۆنگرێس لە ئەمریکا بەڕێوەبچێ.
ئەو راپۆرتەی میدیا ئەمریکییەکە لە کاتێکدایە دوێنێ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تاوەکو دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولی وڵاتەکەیان هێرش ناکاتەوە سەر ئێران.
رۆژی 28ی شوباتی ئەم ساڵ، ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی دراوسێی وەڵامی دانەوە.
بە گوێرەی دەستووری ئیسرائیل، لە کاتی جەنگدا حکومەت دەتوانێت هەڵبژاردن دوابخات، ئەگەر ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکە زۆرینە دەنگ لەسەر دواخستنی بدەن.


