رووداو دیجیتاڵ
بۆ پێنجەم هەفتەی لەسەریەک، خانەنشینانی کەرتی گواستنەوە و گەیاندن (موخابەرات) لە پارێزگاکانی سنە کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دژی خراپیی دۆخی بژێوی و پشتگوێخستنی داواکارییەکانیان دەربڕی.
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2026 خانەنشینانی کەرتی پەیوەندییەکان لە بەردەم فەرمانگەکانی موخابەرات لە شارەکانی سنە و کرماشان خۆپێشاندانیان کرد و داوایان کرد، بەپێی رێژەی هەڵاوسان مووچەکانیان هاوتا و زیاد بکرێت، بیمەی تەندروستی و کێشەی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیان بۆ چارەسەر بکرێت.
بەشداربووانی گردبوونەوەکە بە گوتنەوەی دروشمی "بەڵێن و پەیمان بەسە، سفرەمان خاڵییە!" تووڕەیی خۆیان لە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی حکومەت و جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکان پێشان دا و جەختیان کردەوە، تاوەکو داواکارییە سەرەتایی و مافە یاساییەکانیان دابین نەکرێت، لە شەقام ناکشێنەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو خانەنشینانی دەستبەری کۆمەڵایەتی لە پارێزگاکانی سنە و کرماشان گردبوونەوە.
هاوکات لە چەندین شاری دیکەی ئێرانیش، خانەنشینانی کەرتە جیاوازەکان بەهۆی قەیرانی ئابووری، کەمیی مووچە و دانەبەزینی گرانیی بازاڕ، گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاوشێوەیان کرد.



