رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، وڵاتەکەی ئامادەیە بە دیپلۆماسی کێشە و پرسە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ واشنتن چارەسەر بکات، بەڵام ئامادەیشە بەرگریی تەواو لە ماف و خاکی وڵاتەکەی بکات. ئەمە لە کاتێکدایە پاکستان دەستی بە هەوڵێکی نێوەندگیری بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران کردووە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە وتارێکیدا کە ئەمڕۆ لە رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی ئەمریکیدا بڵاوکرایەوە، نووسیویەتی، "لە کاتێکدا ئێران بە تەواوی پابەندە بە گەڕان بەدوای چارەسەرێکی ئاشتییانەی شکۆمەندانە بۆ جەنگەکە، ئێمە هەروەها بە تەواوی ئامادەین بۆ بەرگریکردن لە خۆمان."
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد: "کۆشکی سپی هیچ ئامادەییەکی بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن پێشان نەداوە و ئێستا هیچ چاوەڕوانییەکیش بۆ پێشکەوتن (ی دانوستاندنەکان) نییە".
ئەم هەڵوێستەی وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژێک دوای ئەوە هات کە عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان لە تاران بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی ململانێی ئێران لەگەڵ ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی تاران کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەی عاسم مونیر و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، پزیشکیان گوتی، بیرۆکەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا لەژێر هەڕەشەکانی واشنتندا رەتدەکەنەوە. سەرۆککۆماری ئێران گوتی: "پێویستە ئەمریکییەکان سەرەتا هەڕەشەکان و سزاکان کۆتایی پێبێنن، ئینجا دەتوانین بەشداری لە گفتوگۆدا بکەین."
لە ساڵی 1980ەوە ئەمریکا سزا بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت و شوباتی ئەم ساڵیش بە هاوئاهەنگی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر.
پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمڕۆ میللەتەکەمان متمانەی بە ئەمریکا نییە. باوەڕی وایە کە ئەگەر بچینە نێو دانوستاندنەوە، ئەوان (ئەمریکییەکان) دووبارە هێرشمان دەکەنەوە سەر."
واشنتن و تاران لە مانگی حوزەیراندا لەسەر لێکتێگەیشتننامەیەک رێککەوتن کە چاوەڕوان دەکرا چوارچێوەیەک بۆ چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ ململانێکە دروست بکات، بەڵام رێککەوتنەکە زۆری نەخایاند.
لەو کاتەوە دانوستاندنەکان بە شێوەیەکی کرداری لە بنبەستدان و گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی ئەم دواییەی نێوان ئەمریکا و ئێران لە پەراوێزی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نەیانتوانی هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدەستبهێنن.


