رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی میسر رێککەوتننامەی دەریایی نێوان لیبیا و تورکیا لەلایەن پەرلەمانی لیبیاوە رەتدەکاتەوە و رایگەیاند، رێککەوتنەکە لە بنەڕەتەوە "بەتاڵ و بێ بایەخی یاساییە، هاوکات دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر مافە سەروەرییەکانی قاهیرە لە دەریای نێوەڕاستدا".
لە راگەیێندراوێکی فەرمییدا رۆژی چوارشەممە 21-10-2026 بڵاوکرایەوە، وەزارەتی دەرەوەی میسر ئاماژەی بەوە کرد یاداشتی لێکتێگەیشتنی 2019 کە لە نێوان فایز سەراج، سەرۆکی ئەوکاتی حکومەتی تەبایی نیشتمانیی لیبیا و تورکیا واژۆکرا بە تەواوی نایاسایی و پووچەڵە، هەروەها پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی لیبیاوە هیچ دەرئەنجامێکی یاسایی بۆ دەوڵەتی میسر لێ ناکەوێتەوە.
قاهیرە پێداگریی لەسەر ئەوە کرد، یاداشتەکە پێچەوانەی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتیی دەریاکان و بڕگەکانی پەیماننامەی 1982ـی نەتەوە یەکگرتووەکانە سەبارەت بە دیاریکردنی ناوچەی ئابووریی دەریایی و سەکۆی کیشوەری؛ روونیشیکردەوە، نەخشەی دەریایی ئەم رێککەوتنە راستەوخۆ دەستدرێژی دەکاتە سەر ناوچەی دەسەڵاتی ئابووری و سەروەریی میسر لە دەریای نێوەڕاستدا.
وەزارەتی دەرەوەی میسر لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هۆشداریی دا لەوەى قاهیرە پێشتریش دژایەتیی تەواوی خۆی بۆ ئەم رێککەوتنە دەربڕیوە، و سەرلەنوێ هەموو هەنگاو یان رێکارێک رەتدەکاتەوە کە لەلایەن هەر لایەنێکەوە بە پشتبەستن بەم یاداشتە بگیرێتەبەر و بەریەککەوتنی لەگەڵ سنوورە دەریاییە راگەیێندراوەکانی میسردا هەبێت؛ هاوکات مافی تەواوی خۆی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەپارێزێت بۆ وەڵامدانەوە و بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێک کە زیان بە بەرژەوەندی و سەروەرییەکەی بگەیەنێت.
ئەم هەڵوێستە تووندەی قاهیرە لە کاتێکدایە کە رۆژی چوارشەممە، یەکێتیی ئەورووپاش لە رێگەی ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپاوە بە هەمان شێوە پەسندکردنی رێککەوتنەکەی لەلایەن پەرلەمانی لیبیاوە سەرکۆنە کرد و بە پێشێلکاری دژ بە سەروەریی یۆنان و قوبرس ناوزەندی کرد. پەرلەمانی لیبیا کە بنکەکەی لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەدایە، لە 2019دا بە تەواوی دژی واژۆکردنی ئەو لێکتێگەیشتنە دەریاییە بوو کە لە تەرابلوس لەگەڵ تورکیا بەسترابوو؛ بەڵام پەسندکردنی لەم کاتەدا لەلایەن پەرلەمانتارانەوە ئاڵۆزییە دیپلۆماسی و ستراتیژییەکانی رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاستی بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاندووە.
میسر کە لە ساڵی 2020دا رێککەوتننامەیەکی فەرمیی دەریایی لەگەڵ یۆنان بۆ دیاریکردنی سنووری ئابووریی هاوبەش واژۆ کردووە، رێککەوتنەکەی تورکیا و لیبیا بە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر پشکی خۆی لە کێڵگە نەوتی و گازییە زەبەلاحەکانی دەریای نێوەڕاست دەزانێت؛ ئەم دۆخەش هاوپەیمانێتییەکی بەهێزی لە نێوان قاهیرە، ئەسینا و نیکۆسیا دروستکردووە دژ بە فراوانخوازییەکانی ئەنقەرە لە رێڕەوە ئاوییەکاندا.



