رووداو دیجیتاڵ
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا دەڵێ، دەکرێ سبەی یان دووسبەی هێرشێکی نوێ بکرێتە سەر ئێران، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد، دۆناڵد ترەمپ زۆر روونە لەوەی دەرگای بۆ دانوستاندن و گەیشتن بە رێککەوتن کراوەیە.
رۆژی هەینی، 23ی تشرینی یەکەمی 2026، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا و لە وەڵامی پرسیاری: "ئایا دەکرێ لە کۆتایی ئەم هەفتەیە (سبەی یان دوو سبەی) هێرش بکرێتەوە سەر ئێران؟" گوتی، "بێگومان، بەڵێ دەکرێ."
بەڵام نێردەکەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکانی واشنتنیش کرد و رایگەیاند: "سەرۆک ترەمپ زۆر روون بووە. سەرۆک ئامادەیە و دەرگای بۆ رێککەوتن واڵایە".
باراک باسی لە کاریگەریی هێرشە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی لە حوزەیرانی 2025 بۆسەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و شەڕی ئەم ساڵ کرد و گوتی: "هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە مەترسی و هەڕەشەی دەستبەجێی ئەتۆمی لە ئارادا نەماوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە هەڵوێستی کۆشکی سپی بەرامبەر دەسەڵاتدارانی ئێران، تۆم باراک جەختی لە پێداگری و جیدییەتی سەرۆکی ئەمریکا کردەوە و گوتی: "سەرۆک ترەمپ هەڕەشەی بێ کردار و بەتاڵ ناکات."
رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە ئەگەری هێرشکردنەوە سەر ئێران پێش هەڵبژاردنی نیوەی خول رایگەیاند: "لەوانەیە بیکەین. مەبەستم ئەوەیە، با بزانین چی دەبێت".
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "پێم وایە ئەوان (بەرپرسانی ئێران) بە خراپی شکست دەهێنن. وڵاتەکەیان بە خراپی شکست دەهێنێت. سوپاکەیان تێکشکاوە. هیچ هێزێکی دەریاییان نییە. هیچ هێزێکی ئاسمانییان نییە".
سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی رووداودا ئاماژەی بەوەش کرد: " (ئێران) هەڵاوسانی 300٪ی هەیە و لە دۆخێکی زۆر خراپدان."
رۆژی 28ی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی دراوسێی وەڵامی دانەوە. هەردوولا لەسەر ژمارەیەک پرس ناکۆکن، لەوانە ئەتۆم، ئەو گرووپە چەکدارانەی واشنتن بە نزیک لە ئێرانیان دایاندەنێت و تەنگەی هورمز.
ترەمپ و نەتەنیاهوو؛ باسی هەڵبژاردن و "تەواوکردنی کارەکەیان" لە ئێران دەکەن
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا کە گرتە ڤیدیۆییەکەی رۆژی 19ی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاوکرایەوە، دۆناڵد ترەمپ پێشبینی کرد بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەرکەوتنێکی "مەزن" لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستبێنێت. لە بەرامبەریشدا نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ ترەمپ بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان تاوەکو "کارەکەیان" دژی ئێران تەواو دەکەن.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڤیدیۆیەکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بڵاوکردەوە، کە تێیدا مۆبایلەکەی خستووەتە سەر بڵندگۆ (سپیکەر) و هەردوو سەرکردە ستایشی هەڵوێستەکانی یەکدی دەکەن.
لە پەیوەندییەکەدا، دەنگی دۆناڵد ترەمپ دەبیسترێ کە پاڵپشتیی خۆی بۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە هەڵبژاردنە چارەنووسسازەکەی 27ـی تشرینی یەکەم دەردەبڕێ و دەڵێت: "لە راستیدا، لەو بڕوایەدام سەرکەوتنێکی یەکجار مەزن بەدەستدەهێنیت؛ بیبی، تۆ ئەو پیاوەی کە دەمەوێت لە تەنیشتم بیت."
لە بەرامبەردا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ستایشی رۆڵی سەرۆکی ئەمریکای کرد لە هێرشەکانی پێشووی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران و هێمای بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشی هاوبەش کرد. نەتەنیاهوو بە ترەمپی گوت: "دۆناڵد، ئێمە کارێکمان هەیە کە دەبێت تەواوی بکەین. پێکەوە تەواوی دەکەین، ئێمە تەواوی دەکەین و هیچ کەسێکی دیکە ناتوانێت ئەوە بکات."
هەرچەندە نەتەنیاهوو لە پەیوەندییەکەدا روونی نەکردەوە مەبەستی لە کام ئۆپەراسیۆن و هەنگاوە، بەڵام هاوشێوەی گوتارەکانی پێشووی، جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە "گەورەترین مەترسی" دەمێنێتەوە.
نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەمریکا خۆی بۆ ململانێیەکی درێژخایەن لەگەڵ ئێران ئامادە دەکات
نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەمریکا خۆی بۆ ململانێیەکی درێژخایەن لەگەڵ ئێران ئامادە دەکات، سەرەڕای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ هیوادارە بۆردومانکردن و سزا ئابوورییەکان، کۆماری ئیسلامی ناچاری سازشی گەورە بکەن.
مایک وۆڵتز، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای بەریتانیا دانی بەوەدانا کە ئەگەری هەیە ئەمریکا لە چەقبەستوویی لەگەڵ ئێران بۆ ساڵێکی دیکەش بمێنێتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ رێککەوتنێک لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران واژۆ بکرێ، یان گواستنەوەی دەریایی لە تەنگەی هورمزدا بگەڕێتەوە ئاستی پێش جەنگ.
وۆڵتز گوتی: "ناچمە نێو گریمانەکانەوە. مرۆڤ هیوادارە پێش ئەوە بە شێوەیەکی مانادار بێنە سەر مێزی گفتوگۆ"، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە "سەرۆک و هێزی دەریایی ئەمریکا دەتوانن بۆ ئایندەیەکی پێشبینیکراو بەردەوامی بەم گەمارۆیەی سەر بەندەرەکانی ئێران بدەن" و ئیدارەکەش هەڵمەتی گوشارە ئابوورییەکانی توندتر دەکاتەوە.



