رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئوردن دەڵێ، ژمارەی کوژراوانی هێرشی سەر کەنیسەکە بۆ حەوت کەس و بریندارانیش بۆ 34 کەس بەرزبووەوە. لە کاردانەوەی ئەو رووداوەدا شای ئوردن رایگەیاند، بە تووندی رووبەڕووی "تیرۆرستان" دەبنەوە.
رۆژی هەینی، 23ی تشرینی یەکەمی 2026، شا عەبدوڵـڵا، شای ئوردن لە پەیامێکدا لە ئێکس نووسی: "بە تووندترین شێوە بەرپەرچی ئەم کردە تیرۆریستییە دەدەینەوە کە پارێزگای کەرەکی کردە ئامانج. ئەو کەسەی وا خەیاڵ دەکات گولـلەی خیانەت دەتوانێت یەکڕیزیی ئوردنییەکان دابەش بکات، لە هەوڵەکەیدا لەبەردەم خۆڕاگری و یەکگرتووییماندا شکستی پێدەهێندرێ".
شای ئوردن ئاماژەی بەوەش کرد: "تەواوی ئوردنییەکان، لە باکووری نیشتمانەوە تاوەکو باشووری، هاوبەشی زەوی و هەڵوێستن و هیچ خیانەتێک ناتوانێت درز بخاتە نێوانیان. سەرەخۆشیی قووڵی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدان دەکەین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. خوێنی ئوردنییەکان بەنرخە و بە مستێکی ئاسنین لە هەر کەسێک دەدەین کە سنووری ئەم وڵاتە ببەزێنێت".
وردەکاری هێرشی سەر کەنیسەکەی ئوردن
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی ئوردن لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، چەکدارەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر کەنیسەیەکی ئۆرسۆدۆکسی یۆنانی لە گوندی حەموود لە پارێزگای کەرەک و پاشان دەستڕێژی گولـلەیان کردووە. دوای ئەوەی لە سەرەتادا گیانلەدەستدانی شەش کەس راگەیێندرا، دواتر بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی ئوردن ژمارەی کوژراوانی بۆ حەوت کەس و بریندارانی بۆ 34 کەس بەرزکردەوە.
بەرپرسانی ئوردن دەڵێن، چەکدارەکان لە ئۆتۆمبێلێک دابەزیون و لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمێکدا تەقەیان کردووە؛ ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی گەڕان و راوەدوونان بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە بەردەوامە.
گرتە ڤیدیۆییەکانی کەناڵی فەرمیی ئوردن ساتەوەختی پەلامارەکە پێشان دەدەن. لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێ دوو چەکدار بە جلوبەرگی مەدەنییەوە دەمانچەیان بەدەستەوەیە و چەکداری سێیەمیش چەکێکی درێژی هەڵگرتووە، پێش ئەوەی لە دەروازەکەوە تەقە لە کەنیسەکە بکەن و بچنە نێوی.
وەزیری پەیوەندییەکانی ئوردن دەڵێ، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە کردووە.
شایەتحاڵێک بە میدیای فەرمیی ئوردنی راگەیاندووە، چەکدارەکان بۆ پێنج خولەک بە شێوەیەکی بەردەوام تەقەیان کردووە پێش ئەوەی لە شوێنی رووداوەکە هەڵبێن.
ئەو شایەتحاڵە ئاماژەی بەوەش کرد، لەو کاتەدا لەنێوان 150 بۆ 200 کەس لە ناوەوە و دەوروبەری کەنیسەکەدا بوون و زۆرینەی قوربانییەکانیش تەمەنیان لە نێوان 50 بۆ 70 ساڵدا بووە.
شاری کەرەک نیشتمانی کۆمەڵگەیەکی بەرچاوی کریستیانە لەو شانشینە زۆرینە موسڵمانەدا، کە کریستیانەکان بە نزیکەیی لە نێوان 2% بۆ 3%ـی تەواوی دانیشتووانی پێکدەهێنن.
هێرشکردنە سەر شوێنە پیرۆزەکان و پەرستگاکان لە ئوردن دەگمەنە. لە ساڵی 2016دا هێرشێک لە کەرەک ناوەندێکی ئەمنی و یەکەی پۆلیسی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا دە کەس کوژران.

.jpeg&w=3840&q=75)

