رووداو دیجیتاڵ
دوو بەرپرسی باڵای ئەمنیی ئێران بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، تاران پلانی داڕشتووە بۆ بەئامانجگرتنی کێبڵە ژێر دەریاییەکان لە کەنداو، ئەگەر ئەمریکا و ئیسرائیل هێرش بکەنەوە سەری.
رۆژی هەینی، 23ی تشرینی یەکەمی 2026، دوو بەرپرسی ئێران لەو بارەیەوە قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز کرد. یەکێکیان ئاماژەی بەوە کردووە ئامانجی ئێران ئەوە دەبێت دوای هەر هێرشێک رێگری لە چاککردنەوەی ئەو کێبڵانە بکات، تاوەکو پچڕانی هێڵەکانی پەیوەندی و لەنێویاندا هێڵی ئینتەرنێت درێژە بکێشێت.
بەرپرسەکەی دیکە رایگەیاندووە: "ئەگەر هێرش بکرێتەوە سەر ئێران، هیچ هێڵێکی سوور نامێنێت، لە کێبڵە ژێر دەریاییەکانەوە تاوەکو بنکە سەربازییەکان، لەنێویاندا بنکە نهێنییەکان." بەرپرسەکە هۆشداریشی داوەتە واشنتن کە "یاری بە ئاگر نەکات" و گوتی، ئێران دەستی بە تەواوی کێبڵە ژێر دەریاییەکان دەگات و بە ئاسانی دەتوانێت وێرانیان بکات.
چوارشەممەی ئەم هەفتەیە یەدوڵڵا جەوانی، جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران بۆ کاروباری سیاسی رایگەیاند، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ژێرخانی ئێران، دەکرێ تاران حەوت کێبڵی سەرەکیی ئینتەرنێت لە تەنگەی هورمز بکاتە ئامانج.
بەپێی ئامارەکانی یەکێتیی نێودەوڵەتیی پەیوەندییەکان کە ئاژانسێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، نزیکەی 99%ـی گواستنەوەی ئینتەرنێتی جیهان لە رێگەی کێبڵە ژێر دەریاییەکانەوە دەگوازرێتەوە. بەڵام ئالان مۆڵدین، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە کۆمپانیای توێژینەوەی پەیوەندییەکانی تێلیجیۆگرافی دەڵێت، کاریگەریی جیهانیی ئەم هێرشانەی ئێران دەکرێ سنووردار بێت، چونکە کەمتر لە 1%ـی فراوانیی پەیوەندیی نێودەوڵەتیی ئینتەرنێت بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕێ؛ ئەو تەنگەیەی کە ئێران و عومان لە یەکدی جیا دەکاتەوە و کەنداو بە دەریای عومان و دەریای عەرەبەوە دەبەستێتەوە.
پلانەکان بۆ ئەگەری هێرشی سەر کێبڵە ژێر دەریاییەکان رەنگدانەوەی ئەو بۆچوونەی سەرکردایەتیی ئێرانە کە پێی وایە هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێی ئەمریکا دەبێت بە وەڵامێکی زۆر بەهێزتر لە جاران وەڵام بدرێتەوە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر موحسین رەزایی، بەرپرسی باڵای ئەمنیی ئێران هۆشداری دا کە لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی جەنگدا، دەکرێت ژێرخانی دیجیتاڵیی پەیوەست بە ئەمریکا لە سەرانسەری کەنداو، لەوانە سەنتەرەکانی داتا و دامەزراوەکانی ژیریی دەستکرد بکرێنە ئامانج. بەرپرسی دووەمی ئەمنیی ئێران کە لەو بارەیەوە قسەی بۆ رۆیتەرز کردووە دەڵێ، هاوپەیمانەکانی واشنتن لە کەنداو وەبەرهێنانی گەورەیان لەم ژێرخانەدا کردووە و "پێویستە واشنتن بە بەرپرسیار بزانن لە هەر زیانێک کە بەر کێبڵە ژێر دەریاییەکان دەکەوێ."



