رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رێکخراوی کەشناسیی ئێران دەڵێت، ئەم ساڵ دیاردەی ئێل نینۆ بارینەکان لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکە بەخوڕ دەکات و مەترسیی دروستبوونی لافاو هەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە لافاوەکەی سەڵماسی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بە 40 خولەک زیاتر لە 38 ملیمەتر باران باریوە.
سەحەر تاجبەخش، سەرۆکی رێکخراوی کەشانسیی ئێران رایگەیاند: ''ئەم ساڵ بەهێزترین دیاردەی ئێل نینۆ روودەدات. ئەو ناوچانەی لە شوێنی روودانی دیاردەکە نزیکن، کاریگەریی زیاتریان لەسەر دەبێت''.
ئێل نینۆ دیاردەیەکی سروشتیی کەشوهەوایە، کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای رووی ئاو لە نێوەڕاست و رۆژهەڵاتی زەریای هێمن، ئەمەش گۆڕانکاریی گەورە لە ئاراستەی با، پەستان و بڕی بارانبارین لە جیهاندا دروست دەکات. ئەم دیاردەیە بە گشتی هەر دوو بۆ حەوت ساڵ جارێک روودەدات و بۆ ماوەی 9 بۆ 12 مانگ بەردەوام دەبێت.
سەحەر تاجبەخش ئاماژەی بەوە کرد، داتای دوو هەفتەی رابردوو، دەرخەری بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەی گەرمین و پێشبینی دەکرێ بەرزبوونەوەکە بەردەوام بێت.
بەگوتەی سەرۆکی کەشناسیی ئێران، بە راپۆرتێک سەرۆککۆماریان ئاگادار کردووەتەوە کە پێشبینیی بارانی بەخوڕ دەکرێ و ئەگەری بارانبارینی نائاسایی و بەهێز 70%یە.
وەک سەحەر تاجبەخش دەڵێت، بەهۆی کاریگەریی ئێل نینۆوە، شێوەی بارانبارینەکان لە ئێران گۆڕاون بۆ بارینی ''زۆر بەهێز''، ''دروستبوونی لافاو'' کە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا روودەدەن.
سەرۆکی رێکخراوی کەشناسیی ئێران وەک نموونە ئاماژەی بە لافاوەکەی سەڵماس کرد و گوتی: ''لە 40 خولەکدا زیاتر لە 48 ملیمەتر باران باری و بووە هۆی دروستبوونی لافاوەکە''.
سەحەر تاجبەخش پێشبینیش دەکات، لە 5ـی تشرینی دووەم تاوەکو 5ـی کانوونی یەکەم بارانی سەرەکیی ئەم وەرزەی بارانبارین ببارێت، ''بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەگەری روودانی هەر رووداوێکی نەخوازراو ئامادە بن''.
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی ئێران، تێکڕای بارین لە وەرزی بارانبارینی پاری وڵاتەکەدا، 150 ملیمەتر بوو کە بەراورد بە پێرار 40% کەمی کردبوو. بۆ ئەم وەرزەی بارانبارینیش پێشبینی دەکرێ رێژەی بارین بەرزببێتەوە.



