رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وەڵامی هەڕەشەی بەرپرسانی ئەمریکا سەبارەت بە ئەگەری هێرش بۆ سەر ئێران دایەوە و رایگەیاند، لە بەرامبەر هەر هێرشێک، وەڵامێکی وا دەدەنەوە کە لە دەرەوەی خەیاڵی هێرشکارەکان بێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ی تشرینی یەکەمی 2026، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا رایگەیاند: "ئەمریکییەکان وادەزانن بە چەند ئامرازێکی گوشاری میدیایی یان هەڕەشەی سەربازی دەتوانن گەلی مەزنی ئێران ناچاری خۆبەدەستەوەدان بکەن، بێئاگا لەوەی ئێرانی ئەمڕۆ، قەڵایەکی قایمی متمانەبەخۆبوون، توانای بەرگری و ئیرادەی پۆڵایینە کە هەرگیز رێگە نادات هیچ هێزێکی دەرەکی بڕیار لەسەر چارەنووسی بدات."
قالیباف گوتی: "ئێمە ناترسین و ئامادەین لە بەرامبەر هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی ئێران، وەڵامێکی وای دووژمنان بدەینەوە کە لە دەرەوەی خەیاڵیان بێت."
بە گوتەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، "هەڕەشەی شەڕی بەربڵاو یان تیرۆر نابێتە هۆی پاشەکشەی گەلی ئێران لە ماف و بەرژەوەندییەکانی خۆی."
له بهشێکی دیکهی قسەکانیدا، محەممەدباقر قالیباف جەختی لەسەر مەرجەکانی ئێران بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و دەستپێکردنی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا کردەوە و رایگەیاند: "تا ئەو کاتەی ئەمریکییەکان هەڵسوکەوتی خۆیان نەگۆڕن، قەرەبووی بەڵێنە پێشێلکراوەکانی خۆیان نەکەنەوە، هیچکام لە بانگەشەکانیان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ بەهایەکی نابێت."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی: "ئێران قسەی نوێی نییە، ئەوە ئەمریکا بوو کە بە هەڵەسەنگاندنی چەوت و شەڕ دژ بە ئێران کەوتە ناو زۆنگاوەوە، ئێستاش دەبێت خودی ئەمریکییەکان هەنگاوی پێویست بۆ رزگارکردنی خۆیان هەڵبگرن."
ئێران حەوت مەرجی نوێ لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز و دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان، ئاراستەی ئەمریکا کردووە.
کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی، هەڵگرتنی سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ئێران و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان لە گرنگترین مەرجەکانی تارانن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندن. ئێران هەروەها داوای راگرتنی جەنگ و گرژییەکانی ناوچەکە (بە لوبنان و یەمەنەوە)، گەڕانەوە بۆ لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد و پابەندبوونی واشنتن بە پابەندییەکانی دەکات.



