رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی سەربازیی بە سەرۆکایەتیی سعودیە رایگەیاند، چەندین سەکۆی هاویشتنی مووشەک و کۆگەی هەڵگرتنی چەکی حووسییەکانی لە یەمەن کردووەتە ئامانج، دوای ئەوەی گرووپەکە هێرشێکی نوێی بە مووشەکی بالیستی بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ریاز راگەیاند.
رۆژی دووشەممە 26-10-2026، تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی سەربازیی بە سەرۆکایەتیی سعودیە لە پۆستێکدا لە ئێکس بڵاویکردەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا چوار سەکۆی هاویشتنی مووشەکی بالیستی، کۆگەیەکی مووشەک و چەندین توونێلی حووسییەکانیان تێکشکاندووە.
مالیکی گوتیشی، ئۆپەراسیۆنەکە جەختی لەسەر پچڕاندنی هێڵەکانی گەیاندنی چەک و پێداویستیی میلیشیاکانی حووسی کردووەتەوە لەنێوان ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتیاندان؛
باسی لەوەش کرد، بەرگریی ئاسمانی توانیویەتی مووشەکێکی بالیستی تێکبشکێنێت کە لەلایەن حووسییەکانەوە بەرەو ریاز هاوێژرابوو.
ئەم ئۆپەراسیۆنەی هاوپەیمانی دوای ئەوە هات، دەنگی چەندین تەقینەوە پایتەختی سعودیەی هەژاند و دەسەڵاتداران لە رێگەی کورتەنامەوە لە مەترسیی ئاسمانی بۆ سەر شارەکە هۆشدارییان بە هاووڵاتییان دا.
لە بەرامبەردا، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان رایگەیاند، بە مووشەکی بالیستی هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز و "بە درووستی لە ئامانجەکەیان داوە،" هەروەها بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر چەندین وێستگەی نەوت.
سەریع هۆشداری دا، فڕۆکەخانەی ریاز هێشتا "سەلامەت نییە" و "ئامانجێکی سەربازییە"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، دەسەڵاتدارانی سعودیە بەرپرسیارن لە لێکەوتەکانی هەر گەشتێک لە فڕۆکەخانەکەدا.
داخرانی فڕۆکەخانەکە گورزێکی گەورە بوو بۆ سەر کەرتی ئابووریی سعودیە، کە وایکرد کۆنفرانسی گەورەی وەبەرهێنانی ئەو وڵاتە بۆ ساڵی 2027 دوابخرێت و گەشتی هەزاران کەس پەکبخات؛ هاوکات پێشبڕکێی رالی داکاریش خرایە لیستی ئەو چالاکییانەی کە بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگەوە هەڵوەشێنراونەتەوە یان دواخراون.
لە باشووری وڵاتەکەش، دەزگەی بەرگریی شارستانیی سعودیە رایگەیاند، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مووشەکە تێکشکێنراوەکان دوو کەس بریندار بوون و زیان بە چەندین باڵەخانە و ئۆتۆمبێل گەیشتووە. لەم مانگەشدا هێرشێکی حووسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی ریاز بووە هۆی کوژرانی 13 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 300 کەسی دیکە.
لەگەڵ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی ریاز، کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە کۆبووەوە.
نووسینگەی میتسۆتاکیس رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی یۆنان بە داواکاریی سعودیە رازی بووە بۆ هێشتنەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت لەو وڵاتەدا؛ یۆنان پاترییەکی سیستەمی پاتریۆتی لە شاری یەنبەع لەسەر کەناراوەکانی دەریای سوور جێگیر کردووە کە ناوەندێکی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتە.
هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر سعودیە لەم هەفتانەی دواییدا چڕبوونەتەوە، دوای ئەوەی ئاگربەستێکی چەندین ساڵە لە هاوینی ئەم ساڵدا کۆتایی هات، کە ئاراستەی شەڕەکەی بە جەنگی فراوانتری نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە بەستەوە کە لە شوباتی ئەم ساڵدا سەریهەڵدا.

