رووداو دیجیتاڵ
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەنگۆی دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان سەرکردایەتیی سیاسیی وڵاتەکەی و سوپا لەبارەی هەنگاوێکی نوێی سەربازی دژی ئێران رەتکردەوە و بە "تەواو بێ بنەما" ناوزەدی کرد.
ئەم لێدوانەی کاتس دوای ئەوە هات، کەناڵی 12ـی ئیسرائیل لە زاری چەند سەرچاوەیەکی بێناو بڵاویکردەوە، لەسەر فەرمانێکی نوێ کە ناوەڕۆکەکەی ئاشکرا نەکراوە، دەمەقاڵێ و گرژی لەنێوان بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئەیال زەمیر، سوپاسالاری سوپای ئیسرائیل دروستبووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی کەناڵی 12، سوپاسالاری ئیسرائیل داوای گفتوگۆیەکی ورد، گەرەنتیی یاسایی و واژۆی فەرمیی سەرکردایەتیی سیاسیی کردووە بەر لەوەی فەرمانەکە جێبەجێ بکات؛ هەروەها سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، لەناو سوپادا نیگەرانی هەیە لەوەی جەنگەکە بۆ دەستکەوتی سیاسی لە هەڵبژاردندا بقۆزرێتەوە.
لە بەرامبەردا، نەتەنیاهوو لە دەرکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا راپۆرتەکەی بە "بێمانا و بێبایەخ" باس کرد.
یسرائیل کاتس لە پۆستێکدا لە ئێکس نووسیویەتی: "ئەو دەنگۆیانەی باس لە ناکۆکی لەنێوان دەسەڵاتی سیاسی و سوپای ئیسرائیل لەسەر پرسی ئێران دەکەن، تەواو بێ بنەما و ناڕاستن."
کاتس گوتی، هاوئاهەنگی تەواو لەنێوانیاندا هەیە و بە روونیش گوتی: "ئیسرائیل هیچ نیازێکی نییە بەر لە هەڵبژاردنەکان دەستپێشخەریی هێرش بۆ سەر ئێران بکات."
لە کاردانەوەی ئەو دەنگۆیانەدا، یائیر لاپید، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل لە پۆستێکدا لە ئێکس هێرشی کردە سەر نەتەنیاهوو و تۆمەتباری کرد بەوەی هەوڵی دواخستنی دەنگدان دەدات و نووسیویەتی: "ئەمشەو بڵاوکرایەوە کە ئەو دەیەوێت ئاڵۆزی و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران هەڵگیرسێنێت، تەنیا لەپێناو دواخستنی هەڵبژاردنەکان. ئەم پیاوە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و بە تەواوی پێویستە بینێرینەوە بۆ ماڵەوە."
ئەم مشتومڕە لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت و نەتەنیاهوو لە بانگەشەکانیدا بە چڕی جەختی لەسەر لایەنی ئەمنی کردووەتەوە و دەڵێ، تەنیا ئەو دەتوانێت جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی تاران بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێبهێنێت.

