رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل، رێژەی بەشداریکردن تائێستا لە بەرزترین ئاستیدایە لە ماوەی زیاتر لە 50 ساڵی رابردوودا. کۆمیسیۆنەکە رایگەیاند، تاوەکو کاژێر 14:00 بە کاتی ناوخۆ، 44.9%ـی دەنگدەران دەنگیان داوە، کە ئەمەش بەرزترین رێژەی بەشداریکردنە لەو کاتەدا لە ساڵی 1973ـەوە تۆمار کرابێت.
کۆمیسیۆنەکە ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا 3 ملیۆن و 290 هەزار و 480 دەنگدەر لە کۆی نزیکەی 7.3 ملیۆن دەنگدەر دەنگیان داوە.
ئۆفەر کێنیگ، توێژەر لە پەیمانگەی دیموکراسیی ئیسرائیل گوتی: "ئەمە بەرزترین ئاستی مێژووییە لەوەتەی پێوانەکردن لە ساڵی 1973ـەوە دەستی پێکردووە، بەڵام بێگومان دەبێت بزانین ئایا رێژەی بەشداریکردن لە هەموو کەرتەکان و پێگە بەهێزەکاندا زیادیکردووە یان نا."
کێنیگ بە کەناڵی سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، لە زانیارییە سەرەتاییەکانەوە دەرکەوتووە، "لە هەموو کەرتەکاندا زیادبوونمان هەیە، جگە لە یەکێکیان، کە ئەوەش زۆر گرنگە. تەنیا لە شارە ئۆرتۆدۆکسە تووندڕۆکاندا دەبینین رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران کەمیکردووە. لە بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگەی ئیسرائیلیدا دەبینین رێژەکە زیادیکردووە. بە زۆر، زۆر وریاییەوە دەتوانین زیادبوونێکی زیاتر لە پێگە بەهێزەکانی لیبراڵەکاندا ببینین نەک لە پێگە بەهێزەکانی هاوپەیمانییەکەی نەتەنیاهوو."
کێنیگ هۆشداریی دا کە هێشتا چەندین کاژێر بۆ دەنگدان ماوە و رەنگە هەندێک گرووپ پێیان باش بێت درەنگانی ئێوارە دەنگ بدەن.
بەرزبوونەوەی رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران مەترسییە بۆ سەر پارتە بچووکەکان کە کێبڕکێ بۆ چوونە ناو کنێست دەکەن، چونکە لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی بەشداریکردندا مەترسیی ئەوەیان لەسەرە نەتوانن بەربەستی هەڵبژاردن تێپەڕێنن. پارتەکان پێویستیان بە بەدەستهێنانی 3.25%ـی دەنگەکانە بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکە؛ لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی گشتیی بەشداریکردنیشدا، کۆی ئەو دەنگانەی کە پێویستن بەرز دەبێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە نێو ریزەکانی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیلدا تاوەکو کاتژمێر 13:00 بە کاتی ناوخۆ گەیشتووەتە 48%، کە ئەمەش بەرزبوونەوەیەکە بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2022 کە لە هەمان کاژێردا 44.4% بوو.
هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز
ئیسرائیلییەکان دەنگ دەدەن لە هەڵبژاردنێکدا کە بە یەکێک لە چارەنووسسازترین هەڵبژاردنەکانی مێژووی ئەو وڵاتە دادەنرێت، کە تیایدا رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی رابردوودا. راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە 70 هەزار هاووڵاتی بە شێوەیەکی بێپێشینە لە دەرەوەی وڵاتەوە گەڕاونەتەوە بۆ ئەوەی دەنگ بدەن.
راپرسییەکان ئاماژە بە کێبڕکێیەکی تووند و شانبەشانی یەکتر دەکەن لە نێوان بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئێستا و گادی ئایزنکۆت، سوپاسالاری پێشوو. لەگەڵ ئەوەشدا، پێشبینی ناکرێت هیچ کام لەو دوو بەرە سیاسییە 61 کورسیی پێویست بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستبهێنن، ئەمەش ئەگەری درێژەکێشانی ململانێ سیاسییەکان یان گەڕانەوە بۆ بنبەستی هەڵبژاردنەکانی نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2022 زیاد دەکات.
نەتەنیاهوو بۆ مانەوەی لە دەسەڵات، پشت بە هاوپەیمانییەک لە پارتە راستڕۆ تووندڕۆکان و ئۆرتۆدۆکسە تووندڕۆکان دەبەستێت. ئەو خۆی وەک تەنیا پارێزەری ئاسایشی نیشتمانی وێنا کردووە، سەرەڕای ئەوەی رووبەڕووی رەخنەیەکی تووندی ناوخۆیی بووەتەوە سەبارەت بە شکستە هەواڵگرییەکانی پەیوەست بە هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەرەوە.
لە بەرامبەردا، ئایزنکۆت سەرکردایەتیی پارتی نوێی (یاشار) و سەرۆکایەتیی "بەرەی گۆڕانکاری" دەکات. ئەم هاوپەیمانییە پێکدێت لە چەندین لایەن کە جیاوازیی ئایدۆلۆژیی زەقیان هەیە، بەڵام بە پلەی یەکەم لەسەر ئارەزوویەکی هاوبەش یەکیانگرتووە بۆ دوورخستنەوەی نەتەنیاهوو بەهۆی شێوازی حوکمڕانی، بنەما دیموکراسییەکان و لێخۆشبوون لە خزمەتی سەربازی بۆ ئۆرتۆدۆکسە تووندڕۆکان. سەرەڕای جیاوازییەکانیان لە سیاسەتی ناوخۆیدا، هەردوو بەربژێرە سەرەکییەکە هەڵوێستی هاوشێوە و تووندیان هەیە سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە ململانێ بەردەوامەکانی غەززە.
کەی ئەنجامەکان دەردەکەون؟
ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنە گشتییە چارەنووسسازەکەی ئیسرائیل ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی ناوخۆ (23:00 بە کاتی هەولێر) لەگەڵ داخستنی بنکەکانی دەنگدان بڵاودەکرێنەوە، لەو کاتەشدا کەناڵە تەلەڤیزیۆنییە سەرەکییەکان دەستبەجێ ئەنجامە بەراییەکانی دوای دەنگدان (Exit polls) پەخش دەکەن.
ئەنجامی ژماردنی فەرمیی دەنگەکان بە درێژایی شەو بەش بەش رادەگەیێندرێن، کە تاوەکو بەیانیی رۆژی چوارشەممە وێنەیەکی روونتر دەخەنە روو. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەنجامی فەرمیی کۆتایی تاوەکو پاشنیوەڕۆی پێنجشەممە یان رۆژی هەینی ئامادە نابێت، چونکە کارمەندانی هەڵبژاردن لە ناوەندەکاندا سەدان هەزار دەنگی "زەرفی دووانە"ی سەربازان و هێزە یەدەگەکان دەژمێرن.
ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، لە 4ـی تشرینی دووەم ئەنجامە پەسندکراوە کۆتاییەکان وەردەگرێت، ئەمەش دەبێتە دەستپێکی چەندین هەفتە لە دانوستاندن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی حکومەت.



