رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سووریا رۆژی سێشەممە، 27ی تشرینی یەکەمی 2026، لە بەیاننامەیەکدا بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە ئاسمانییانەی ئوردنی کرد کە رۆژی پێشتر کرانە سەر چەند ناوچەیەک لە پارێزگای دەرعا لە باشووری وڵاتەکە. سووریا ئەو هێرشانە بە "پێشێلکارییەکی قبووڵنەکراو"ی سنووری ئاسمانی و سەروەریی نیشتمانیی خۆی دادەنێت کە "بێ هیچ هاوئاهەنگییەکی پێشوەختە" کراون و بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی چەند کەسێک.
لەگەڵ ئەوەشدا، حکومەتی دیمەشق لە راگەیێندراوەکەیدا دووبارە سەرکۆنەی ئەو "هێرشە تاوانکارییە"ی کرد کە رۆژی هەینی، 23ی تشرینی یەکەم، کرایە سەر کەنیسەی مار گورگیس لە ئوردن و بە "دەستدرێژییەکی ئاشکرا" بۆ سەر بەها ئایینی و مرۆییەکان و هەوڵێک بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتیی ئوردن ناوی برد. هەروەها پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خێزانی کوژراوان کرد.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای پەیوەندییە قووڵ و مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات، ئەم جۆرە هەنگاوە مەیدانییانە بە هەر بیانوویەک بێت "جێگەی قبووڵ نین". سووریا دەڵێت، دڵنیان لەوەی لایەنی گوماناوی هەن کە هەوڵی تێکدانی پەیوەندییە برایینییەکانی نێوان هەردوو وڵات و دروستکردنی قەیران دەدەن.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە و "رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی پێشێلکارییەکان"، وەزارەتی دەرەوەی سووریا روونی دەکاتەوە کە ئێستا بە هاوئاهەنگیی راستەوخۆ لەگەڵ ئوردن، کار دەکەن بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی مەیدانی و ئەمنیی هاوبەشی بەپەلە. ئامانج لەم لیژنەیە کۆنترۆڵکردن و پاراستنی سنوورە هاوبەشەکان و رێگریکردنە لە هەر کەس و لایەنێک کە بیەوێت ئاسایشی هەردوو وڵات تێکبدات و "خوێنی رۆڵەکانیان بڕێژێت".
ئەم کاردانەوەیەی سووریا دوای ئەوە دێت کە رۆژی دووشەممە هێزی ئاسمانیی ئوردن چەند شوێنێکی لە باشووری سووریا بۆردوومان کرد. بە گوتەی عەممان، لەو هێرشانەدا زیاتر لە 20 چەکداری رێکخراوی داعش کوژراون، کە پەیوەندییان بە هێرشکارانی سەر کەنیسەکەوە هەبووە، بەڵام بەرپرسانی تەندروستیی سووریا رایانگەیاندبوو کە لە هێرشەکاندا 8 کەسی سڤیل کوژراون کە ژن و منداڵیان تێدایە.
محەممەد مەومەنی، وەزیری
پەیوەندییەکانی ئوردن رۆژی سێشەممە لە بارەی هێرشە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەیەوە رایگەیاندبوو: "ئەنجامە سەرەتاییەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنانە تاوەکو ئەم ساتە ئاماژە بە
زیانێکی گەورە لە نێو ریزەکانی داعشدا دەکەن، کە بە زیاتر لە 20 چەکدار مەزەندە
دەکرێت، لەگەڵ وێرانکردنی کۆگایەکی گەورەی چەکی رێکخراوەکە."
هاوکات ئوردن دووپاتی کردەوە،
وێڕای ئەو هێرشانە، دەیەوێت پارێزگاری لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق بکات.


.jpg&w=3840&q=75)