رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەخنە لە سەرۆکوەزیرانی کەنەدا دەگرێ، بەهۆی پشتیوانیکردنی لە هەڵوێستی ئیمارات سەبارەت بە سێ دوورگەکەی کەنداو و دەڵێت، کەنەدا مێژووی خۆی لەبیرچووەتەوە.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ شەممە، 31-10-2026 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، وەڵامی هاودەنگیی سەرۆکوەزیرانی کەنەدای لەگەڵ بەرپرسانی ئیماراتی دایەوە و رایگەیاند، "ئیمارات لە ساڵی 1971 دامەزراوە، سەرەڕای ئەوەش داوای خاوەندارێتیی سێ دوورگە دەکات کە مێژووی ئێرانیبوون و گرێدراوییان بە خاکی ئێرانەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش دروستبوونی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە. جێگەی سەرسوڕمانە ئێستا سەرۆکوەزیرانی کەنەدا دەنگی خۆی خستووەتە پاڵ ئەم بانگەشە پووچە!"
بەقایی ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە کەنەدا زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکە لە گرنگیی رێزگرتن لە یەکپارچەیی خاکی وڵاتان و سەروەریی نیشتمانی تێبگات و مێژووی خۆی لەبیر نەکات.
بەقایی لە پەیامەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر چەند وێستگەیەکی مێژوویی کەنەدا و دەڵێت، "پێویستە کەنەدا پەلاماری ئەمریکا لە شەڕی ساڵی 1812، راگەیێندراوی پەیوەستکردنی مۆنتریال لە 1849 و لە هەمووشیان نوێتر، هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ کردنی کەنەدا بە ویلایەتی 51ـەمی ئەمریکای لەبیر بێت."
بەقایی روو لە بەرپرسانی کەنەدا دەڵێت، "ئایا یەکپارچەیی خاک و پابەندبوون بە راستییە مێژووییەکان بۆ کەنەدا بنەمایەکی نەگۆڕە، یان تەنیا کاتێک گرنگە کە پەیوەندی بە خۆیەوە هەبێت؟"
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری دەداتە کەنەدا و رایدەگەیێنێت، "وڵاتێک کە خۆی سەتان ساڵە لە پێناو پاراستنی یەکپارچەیی خاکەکەی لە بەرامبەر ویستی دراوسێی باشووریدا وەستاوەتەوە، چۆن دەتوانێت لە بەرامبەر ناکۆکییەکی دروستکراو و وەهمیدا پشتیوانی لە بانگەشەیەکی درۆینەی خاکی بکات کە سەرکێشییەکی مەترسیدارە؟ ئایا بیری لەوە نەکردووەتەوە کە ئەم کارەی وەک بڕینەوەی ئەو لقەیە کە خۆی لەسەری دانیشتووە؟"
ئەم هەڵوێستەی ئێران دوای ئەوە دێت، لە 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا و شێخ خالید بن محەممەد بن زاید ئال نەهیان، جێنشینی ئەبوزەبی، بە فەرمی داوای کۆتاییهێنان بە "داگیرکاریی سێ دوورگەکەی ئیمارات؛ تومبی گەورە، تومبی بچووک و ئەبوموسا"یان کرد، هاوکات ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەو هەنگاوەی ئێران "پێشێلکردنی سەروەریی ئیمارات و بنەماکانی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە."

.jpg&w=3840&q=75)
