رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە تووندی وەڵامی لێدوانەکانی راوێژکاری ئەڵمانیا لەبارەی زیانە ئابوورییەکانی جەنگ بۆ سەر ئەورووپا دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، چیدی هێڵی سوور نەماوە و ئەو زەرەرەی باس دەکرێت، لە بەرامبەر گورزە وێرانکەرەکانی سوپای ئێراندا هیچ نییە.
عەباس عێراقچی، رۆژی شەممە 31ی تشرینی یەکەمی 2026، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس، رەخنەی لە هەڵوێستەکانی فریدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا گرت و نووسیویەتی: "کاتێک پار هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیانپێکرد، جەنابی مێرتز پێشوازی لەو هێرشانە کرد و وەک ئەوەی کارە پیسەکانی ئەورووپایان بۆ بکەن."
وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت: "100 ملیار یۆرۆ هیچ نییە بەراورد بەو گورزە وێرانکەرەی کە هێزە چەکدارە بەهێزەکانی ئێران دەیوەشێننە سەر هەر کەسێک کە بوێریی ئەوەی هەبێت زیان بە گەلەکەمان بگەیێنێت."
عێراقچی لە پەیامەکەیدا هۆشدارییەکی تووندیشی ئاراستەی رۆژئاوا کرد و رایگەیاند: "چیدی شتێک بە ناوی هێڵە سوور نەماوە."
ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاردانەوەی قسەکانی رۆژی هەینیی فریدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیادایە کە لە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور بە رۆژنامەڤانانی راگەیاندبوو: "ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییەوە، زیاتر لە 100 ملیار یۆرۆ تێچووی وزەی لەسەر شانی ئەورووپا زیاد کردووە."
راوێژکاری ئەڵمانیا راشیگەیاندبوو، بەرلین هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕکردووەتەوە تاوەکو رێگە لە پەرەسەندنی جەنگەکە بگیرێت، چونکە بە گوتەی ئەو، "ئەم ململانێیە بە رێگەی سەربازی چارەسەر ناکرێت."
.jpg&w=3840&q=75)
.jpeg&w=3840&q=75)
