رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ کۆتاییهاتنی جیاکردنەوەی دەنگەکانی 26ـەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست)، نە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئێستا و نە گادی ئایزنکۆت، رکابەری سەرەکی، نەیانتوانی بەربەستی 61 کورسی بۆ پێکهێنانی حکومەت ببڕن؛ لەم نێوەندەشدا دەنگدەرانی عەرەب بە بەدەستهێنانی 19 کورسی بوونەتە یەکلاکەرەوەی هاوکێشەکە.
ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆککۆماری ئیسرائیل داوای لە سەرکردەکان کردووە بە هەموو شێوەیەک رێگری لە هەڵبژاردنی پێشوەختە بکەن، بەڵام هاوکێشەکان لەبەردەم سێ سیناریۆی ئاڵۆزدان:
سیناریۆی یەکەم: نەتەنیاهوو و گرێکوێرەی 53 کورسی
بەرەکەی نەتەنیاهوو (راستڕۆکان و پارتە ئایینییەکان - حەریدیم) تەنیا 53 کورسییان لە کۆی 120 کورسیی کنێست بەدەستهێناوە (27 کورسی بۆ پارتی لیکود).
بۆ گەیشتن بە زۆرینە، نەتەنیاهوو پێویستی بە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتەکانی دیکەیە، بەڵام پارتی دیموکراتەکان بە سەرۆکایەتیی یائیر گۆلان (8 کورسی) و پارتی "ئیسرائیل بێتەینو" بە سەرۆکایەتیی ئەڤیگدۆر لیبەرمان (7 کورسی) بە تەواوی ڤیتۆیان لەسەر نەتەنیاهوو داناوە. لە لایەکی دیکەشەوە نەفتالی بێنێت، سەرۆکی پارتی "پێکەوە" (12 کورسی) مەرجی لێکۆڵینەوەی دەستبەجێی لە شکستی ئەمنیی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 داناوە بەرامبەر بە هەر هاوپەیمانێتییەک.
سیناریۆی دووەم: ئایزنکۆت و گەمەی پارتە ئایینییەکان
بەرەکەی گادی ئایزنکۆت، سوپاسالاری پێشووی ئیسرائیل، بە تەواوی هاوپەیمانەکانییەوە خاوەنی 48 کورسییە (پارتی یەشار 21 کورسی). ئایزنکۆت رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی پۆستی سەرۆکوەزیرانی لەگەڵ نەتەنیاهوو رەتکردووەتەوە.
ئایزنکۆت ئەگەر بیەوێت درز بخاتە بەرەکەی نەتەنیاهوو، چاوی لە پارتە ئایینییەکانە (حەریدیم - 13 کورسی)، بەڵام سووربوونی ئەو لەسەر سەپاندنی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ بەسەر گەنجانی حەریدیمدا، ئەم دەروازەیەی بە تەواوی داخستووە.
سیناریۆی سێیەم: عەرەب؛ دەنگی یەکلاکەرەوە
ئەم هەڵبژاردنە بەشداریکردنێکی بێوێنەی هاووڵاتییانی عەرەبی بەخۆیەوە بینی و رێژەی دەنگدانیان گەیشتە 80٪، ئەمەش وایکرد لیستی هاوبەشی عەرەبی 11 کورسی و لیستی یەکگرتووی عەرەبی 8 کورسی بەدەستبهێنن.
مەنسوور عەباس، سەرۆکی لیستی یەکگرتوو ئامادەیی نیشانداوە بەشداری لە کابینەی نوێدا بکات، هاوکات یوسف جەبارین، سەرۆکی لیستی هاوبەش رایگەیاندووە، ئامادەن لە پەرلەمانەوە دەنگ بە حکومەتەکەی ئایزنکۆت بدەن تەنیا بۆ ئەوەی کۆتایی بە دەسەڵاتی نەتەنیاهوو بهێنن.
پشتپێبەستنی ئایزنکۆت بە دەنگی عەرەب، هەرچەندە نەتەنیاهوو لە دەسەڵات دووردەخاتەوە، بەڵام حکومەتێکی کەمینەی لەرزۆکی لێدەکەوێتەوە، بەتایبەت کە ئایزنکۆت بەڵێنی داوە لە ماوەی 18 مانگدا کۆتایی بە دەسەڵاتی حەماس لە غەززە بهێنێت، ئەمەش خاڵی ناکۆکیی سەرەکی دەبێت لەگەڵ پارتە عەرەبییەکاندا.


.jpg&w=3840&q=75)