رووداو دیجیتاڵ
یائیر لابید، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل سەرکەوتنی بەرەی دژبەری بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەیدا راگەیاند و گوتی، نەتەنیاهوو هیچ دەرفەتێکی بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە لەبەردەمدا نەماوە، هاوکات داوای لە هاووڵاتییانی ئیسرائیل کرد ئارامبگرن لە کاتێکدا دانوستاندنە نهێنی و ئاڵۆزەکانی پێکهێنانی حکومەت دەستپێدەکەن.
لابید لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "شەوی هەڵبژاردن هەموومان چاومان لە شاشەکان بوو و چاوەڕێی یەک ژمارە بووین؛ 61 کورسی. ئەو ژمارەیە نە بۆ ئێمە و بە دڵنیاییەوە نە بۆ ئەویش (نەتەنیاهوو) دەرنەکەوت"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە نەیارانی نەتەنیاهوو سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەی خێرایان بەدەستنەهێنا، بەڵام "سەرکەوتن هەر سەرکەوتنە؛ سەرکەوتنەکەمان بە لێدانی یەکلاکەرەوە نەبوو، بەڵکو بە خاڵ بوو، خاڵەکانیش گرنگن."
بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، بەرەی دژبەری نەتەنیاهوو بە گشتی 67 کورسیی پەرلەمانیان مسۆگەر کردووە، بەڵام پارتە جووەکانی ئەو بەرەیە (کە 48 کورسییان هەیە) پێشوەختە دانیشتن لەگەڵ لیستە عەرەبییەکان (کە 19 کورسیی مێژووییان بەدەستهێناوە) رەتکردووەتەوە، ئەمەش گەیشتن بە زۆرینەی 61 کورسیی ئاڵۆز کردووە. لە بەرامبەردا، بەرەکەی نەتەنیاهوو تەنیا 53 کورسیی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا لە خولی پێشوودا 68 کورسییان هەبوو؛ ئەمەش وەک دابەزینێکی گەورە بۆ سەرۆکوەزیرانی ئێستا لێکدەدرێتەوە، بەتایبەت کە پارتەکەی (لیکود) تەنیا 27 کورسیی بردووەتەوە.
لابید گوتی، هاوپەیمانییەکەیان بە سەرۆکایەتیی گادی ئایزنکۆت، سەرۆکی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان هەموو هەوڵێک بۆ پێکهێنانی حکومەت دەدات، بەڵام هۆشداریی دا کە پرۆسەکە "سەختە" و سەرکەوتنی مسۆگەر نییە، گوتیشی: "پێکهێنانی حکومەت لە ژوورە بچووکەکان، بە هێواشی و دوور لە چاوی کامێراکان بەڕێوەدەچێت، بۆیە داوای ئارامگرتنتان لێدەکەم."
یائیر گۆلان، سەرۆکی پارتی دیموکراتەکان (کە خاوەنی هەشت کورسییە)، جارێکی دیکە داوای لە پارتە جووەکانی ئۆپۆزیسیۆن کردەوە کە لەگەڵ لیستە عەرەبییەکان هاوپەیمانی پێکبهێنن و گوتی ناکرێت دەنگی سەدان هەزار هاووڵاتیی عەرەب بەهۆی رەچەڵەکیانەوە لە پرۆسەی دیموکراسیدا بێبایەخ بکرێت.
لە بەرەی بەرامبەردا، بنیامین نەتەنیاهوو لەگەڵ هاوپەیمانە راستڕەوەکانی، لەوانە بتسەلیئێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی و ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی کۆبووەوە و دڵنیایی پێدان کە بەرە راستڕەوەکەیان یەکگرتوو دەمێنێتەوە و پێکەوە رووبەڕووی بژاردەکان دەبنەوە.
سەرەڕای لەدەستدانی زۆرینەی پەرلەمانی لەلایەن بەرەکەی نەتەنیاهووەوە، خاڤیێر میلەی، سەرۆککۆماری ئەرجەنتین لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە نەتەنیاهوو کرد و بە "سەرکەوتنێکی گەورە" بۆ پارتی لیکود وەسفی کرد و ئاماژەی بە پتەویی هاوپەیمانێتیی ستراتیژیی نێوان ئەرجەنتین و ئیسرائیل کردەوە.
بڕیارە پەرلەمانی نوێی ئیسرائیل لە 10ـی تشرینی دووەم سوێندی یاسایی بخوات، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ زیاتر لە مانگێک بخایەنێت.

.jpg&w=3840&q=75)
