رووداو دیجیتاڵ
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشدارییەکی تووندی دایە ئەمریکا و ئیسرائیل و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی راسپارد بۆ "وەڵامێکی دەستبەجێ، کاریگەر و بێ سنووری جوگرافی" بۆ هەر هەڕەشە و هێرشێکی نوێ، گوتیشی، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر تاران، ئەوا ئێران خۆی کات و مەرجەکانی کۆتاییهاتنی جەنگ دیاری دەکات.
رۆژی شەممە 31-10-2026، لە راگەیێندراوێکدا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران؛ موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیی جەنگی بە یەکێک لە مەرجەکانی "گەورەترین پەرچەکردار"ـی وڵاتەکەی ناوزەدکرد و رایگەیاند: "ئەگەر دووژمنان جارێکی دیکە هێرشی سەربازی یان تیرۆریستی بکەنەوە، ئەوە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و گەلی ئێران دەبن کە کات و مەرجەکانی کۆتاییهاتنی جەنگ دیاری دەکەن."
ئەم کۆبوونەوەیە بە یەکەم دیداری فەرمیی رێبەری ئێران لەگەڵ سەرکردە باڵا سەربازییەکان دادەنرێت لە دوای ئەوەی لە ئاداری ئەم ساڵدا و دوای کوژرانی عەلی خامنەیی باوکی لە سەرەتای جەنگەکەدا، دەسەڵاتی گرتە دەست.
وەک لە راگەێیندراوەکەدا هاتووە، لە دیدارەکەدا عەلی عەبدوڵڵاهی، سوپاسالار؛ ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی سوپای ئێران و ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسداران ئامادە بوون و "راپۆرتی ئامادەیی سەربازییان لە کەنداوی فارس، تەنگەی هورمز و ناوچە سنوورییەکان پێشکێش کردووە."
بەپێی راگەیێندراوەکە، موجتەبا خامنەیی فەرمانی داوە، هەواڵگریی سەربازی بەهێز بکرێت، بەرگریی نێوخۆیی قووڵتر بکرێتەوە و تەکنەلۆژیای نوێ بەکاربهێندرێت. هەروەها بڕیاردراوە بە نوێکردنەوەی "لیستی ئامانجەکان بە شێوەیەک کە سەرجەم سامانە بەردەست و نابەردەستەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بکەونە نێو بازنەی لێدانی هێزە چەکدارەکانی ئێران."
هۆشدارییەکەی تاران دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دابوو لە ئەگەری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی نوێی سەربازی لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا لە رۆژی 03-11-2026 و رایگەیاندبوو، بیر لەوە دەکاتەوە کە ئایا "کۆتاییان پێبهێنێت" یان نا.
لە ئیسرائیلیش بنیامین نەتەنیاهوو باسی لە "دەرفەتێکی مێژوویی و تاک" کردووە بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی ئێران، لە کاتێکدا هەڵبژاردنی پەرلەمانیی سێشەممەی رابردووی ئیسرائیل بەرەی نەتەنیاهووی خستە پێشەنگەوە، بەڵام نەگەیشتە زۆرینەی پێویست بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە لە 28ـی شوباتی ئەم ساڵدا، ئێران هاتووچۆی کەشتیوانیی لە تەنگەی هورمز سنووردار کردووە، کە پێشتر رێڕۆی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهان بوو، ئەمەش هۆکاری بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی سووتەمەنی بووە و ناڕەزایەتیی شەقامی ئەمریکیی لێکەوتووەتەوە. تاران پێشتریش هۆشداریی دابوو، دەکرێت بیر لە بڕینی کێبڵە پەیوەندییە ژێردەریاییەکانی تەنگەی هورمز بکاتەوە.
هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییە سەربازییەکان، هەوڵی دیپلۆماسی بە نێوەندگیریی قەتەر و پاکستان بەردەوامە بۆ رێگری لە سەرهەڵدانەوەی جەنگ؛ رۆژی هەینی شاندێکی قەتەری بە مەبەستی دانوستاندن گەیشتە تاران.
هەروەها بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمانی ترەمپ نامەیەکی ئاراستەی موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کردووە تاوەکو رێگە لە هێرشی نوێی ئەمریکا بگیرێت و دانوستاندنەکان دەستپێبکەنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، محەممەد ئەکرەمینیا، گوتەبێژی سوپای ئێران هۆشداریی دا، هەر دەستپێکردنەوەیەکی جەنگ بازنەی پێکدادانەکە زۆر فراوانتر دەکات.
ئەکرەمینیا لە پۆستێکدا لە ئێکس گوتی: "ئەگەر سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە لەژێر گوشار و بۆ رازیبوونی زایۆنییەکان پەنا بۆ سەرکێشی بەرێت، بێگومان بڵێسەی جەنگ رووبەرێکی زۆر فراوانتری جوگرافی دەگرێتەوە."
لەلایەکی دیکە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش هۆشداری دا لەوەی هێزە سەربازەکانیان "گورزێکی زەوینلەرزێن" دەوەشێنن و لە کاتی وەڵامدانەوەدا چیدی دان بە هیچ "هێڵێکی سوور"ـدا نانێن.

.jpg&w=3840&q=75)