رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێت، تاوەکو ئیستا وەڵامی نامەکەی جێگری سەرۆکی ئەمریکای نەداوەتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان. ئاماژە بەوەش دەکات، هێشتا سەبارەت بە ستراتیژیی ئەتۆمی بڕیارێکی جیدییان نەداوە.
موحسین رەزایی، لە هەڤپەیینێکی میدیاییدا کە شەوی شەممە 31-10-2026 لە میدیای ئێڕان پەخشکرا، ئاماژەی بە نامەکەی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کرد و رایگەیاند: ''نامەکەم خوێندەوە، بەڵام هێشتا هیچ وەڵامێکم نەداوەتەوە''.
بەگوتەی محسین رەزایی، لە نامەکەدا، بە تەواوی شێوەی دەربڕینی ئەمریکا گۆڕاوە؛ ''ئەمەش نیشانەیەکی زۆر باشە لەوەی کە سوپاس بۆ خودا گەلی ئێران سەرکەوتن، دەسەڵات و هێزی خۆی چەسپاندووە''.
ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکا و سەرچاوەی ئاگادار دەڵێن، سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی جەی دی ڤانسی جێگرییەوە نامەیەکی بۆ موحسین رەزایی، ناردووە و داوای دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی کردووە.
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی گەیشتنی نامەکە، ئامادە نەبوو نێوەرۆکەکەی ئاشکرا بکات و گوتی: ''با بڕۆینە پێشەوە؛ چونکە ئەوانیش هیچ شتێکیان لە نامەکە نەخستووەتەڕوو، منیش جارێ هیچ شتێک نـاڵێم''.
پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران، یەکێک لە هێڵە سوورەکانی ئەمریکایە کە داوای راگرتنی دەکات؛ ئەوە لەکاتێکدایە تاران پێداگرە لە بەردەوابوونیان.
لە بەرامبەردا بەشێک لە بەرپرسان و لایەنگرانی حکومەت لە ئێران داوای گۆڕینی ستراتیژیی ئەتۆمیی وڵاتەکە و چوونەدەرەوە لە پەیماننامەی قەدەخەکردنی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی (ئێن پی تی) دەکەن.
موحسین رەزایی ئەوەشی خستەڕوو: ''هێشتا لەبارەی ستراتیژیی ئەتۆمییەوە بڕیارێکی جدی نەدراوە. هەڵبەت ئەم بابەتە باس دەکرێ کە ئەگەر دووبارە جەنگ رووبداتەوە، ئێمە دەمانەوێت هەمان ستراتیژیی پێشوومان هەبێت یان نا. واتا هیچ بڕیارێکی نوێ بە شێوەی فەرمی نەدراوە''.
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێت، خەڵک داوای گۆڕینی ستراتیژیی ئەتۆمی دەکەن، ''کاتێک دەبینن دووژمن هەموو ناوەندەکانی ئەتۆمیی ئێمەی بۆردوومان کردووە، دەڵێن بە چ هۆکارێک لێیداون؟''
بەگوتەی موحسین رەزایی بەر لە گرژییەکان و جەنگ، ئێران رێگەی بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوە سەردانی بنکە ئەتۆمییەکانیان بکەن، ''هاوکاریمان کردوون بێن پشکنین بکەن و لە تەواوی بنکەکانمان کامێرایان هەبوو، بەڵام کاتێک خەڵک ئەوانە دەبینن، بێگومان داواکارییان لە ئێمە ئەوەیە کە بۆچی دەتانەوێت ئەم دۆخە هەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت''.
رەزایی هۆشداریش دەداتە ئەمریکا کە ئەگەر جارێکی دیکە جەنگ رووبداتەوە، ئەگەری هەیە لە پەیماننامەی قەدەخەکردنی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بێنە دەرەوە.
بەرپرسانی ئێران باس لەوە دەکەن، بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندن، حەوت مەرجیان ئاراستەی لایەنی ئەمریکی کردووە. ئەو بەرپرسە باڵایەی تاران ئاماژەی بەوە کرد: ''یەکێک لە گرنگترین جیاوازییەکانی مەرجەکانمان لەگەڵ یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد، پرسی تەنگەی هورمزە. ئەو رێڕەوە ئاوییەی لەنێوان ئێمە و عوماندایە و هەردوو وڵات پەسندیان کردووە، بە شێوەی نێودەوڵەتی تۆمار دەکرێ.
بەگوتەی رەزایی، بە لەبەرچاوگرتنی مەرجەکانیان، بەڕێوەبەریی ئێران لە تەنگەی هورمز بە فەرمی دەناسرێ و ''هیچ ناڕوونییەک لە هاتووچۆی ئەو کەشتییانەدا نامێنێت کە بە رێڕەوە ئاوییەکەدا تێدەپەڕن''.
کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی، هەڵگرتنی سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ئێران و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان لە مەرجەکانی تارانن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندن. ئێران هەروەها داوای راگرتنی جەنگ و گرژییەکانی ناوچەکە (بە لوبنان و یەمەنەوە)، گەڕانەوە بۆ لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد و پابەندبوونی واشنتن بە پابەندییەکانی دەکات. موحسین رەزایی دەڵێت: ''تاوەکو ئەمریکا مەرجەکانمان جێبەجێ نەکات، ناگەڕێینەوە دانوستاندن و تەنگەی هورمزیش ناکرێتەوە''.
قسەکانی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەکاتێکدان، هەر ئەمڕۆ میدیای ئەمریکا بڵاوی کردەوە، شاندی وڵاتانی نێوەندگیر، بە پێشەنگی قەتەر بڕیارە رۆژی شەممە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆببنەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەى نێوەندگیرانى قەتەری رۆژی هەینی زیاتر لە 12 کاژێر لە تاران گفتوگۆی چڕیان کرد، بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی نێوان واشنتن و تاران.
وڵاتانی ناوچەکە وەک تورکیا، میسر، عێراق، پاکستان و سعودیە هۆشداری دەدەن و داوای رێگەچارەی دیپلۆماسی دەکەن پێش هەڵبژاردنی نیوەی خول کە 3ـی تشرینی دووەم بەڕێوەدەچێت؛ بەتایبەت کە بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر کۆمارییەکان رووبەڕووی دۆخێکی نالەبار ببنەوە، رەنگە بژاردەی هێرشی سەربازی بەهێزتر بێت.
.webp&w=3840&q=75)
.webp&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)