رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رۆژی شەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامدا، ئەوەش لە کاتێکدایە کە واشنتن خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی بۆردوومانکردنی ئامانجەکان لە ئێران ئامادە دەکات.
بەپێی زانیاریی ئەو سەرچاوانەی ئاگاداری پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەن کە بۆ وۆڵ ستریت جۆرناڵ قسەیان کردووە، پەیوەندیی نێوان هەردوو سەرکردەکە چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە ترەمپ لە کۆشکی سپی لەگەڵ فەرماندە باڵا سەربازییەکانی کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی بژاردەکانی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکان لە ناوچەکەدا.
ئەم پەیوەندییە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە چڕەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاندانی دەنگدەرانی کۆمارییەکان لە پێش هەڵبژاردنە بەراییەکانی نیوەی خول؛ جەنگەکە کە لەنێو رای گشتیدا ناپەسەندە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و ساردبوونەوەی جۆش خرۆشی لایەنگرانی پارتی کۆماری.
هەمان رۆژی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نەتەنیاهوو و ترەمپ، بە پێی میدیای ئێران، موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی وڵاتەکەی کۆبووەتەوە و باسییان لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەیان کردووە.
درەنگانی شەوی رابردووش، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، هێشتا یەک دوو ئامانجییان لە ئێران ماون کە لێیان بدەن، یەکێکیان چیای قوڵینگە.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر تەلەئەڤڤ و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە وەڵامیدانەوە.


