رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا کۆریای باکووری تۆمەتبار کرد بە دزینی زیاتر لە شەش ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی دراوی دیجیتاڵی لە پلاتفۆرمی ئاڵوگۆڕی دراوی کریپتۆی باینانس، لە رووداوێکدا کە بە گەورەترین دزیکردنی مێژوو لە بواری دراوی کریپتۆدا دادەنرێت.
ئەم راگەیەندراوەی نووسینگەکە رۆژی شەممە، 31ی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاوکرایەوە و لە کاتێکدایە کە باینانس دڵنیایی دا لە قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییە و رایگەیاند، سەرچاوە داراییەکانی کۆمپانیاکەی بەکارهێناوە بۆ کڕینی تۆکن تاوەکو 90٪ی ئەو بڕەی دزراوە پڕبکاتەوە.
باینانس گەورەترین پلاتفۆرمی ئاڵوگۆڕی کریپتۆیە لە جیهاندا لە رووی قەبارەی مامەڵەی رۆژانەوە. هەواڵی هێرشە ئەلیکترۆنییەکە بووە هۆی دابەزینی زۆری نرخی زۆربەی دراوە دیجیتاڵییە سەرەکییەکان لە رۆژی هەینیدا.
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا گومانەکانی پێشووی لێکۆڵەران و شیکارە تایبەتەکانی پشتڕاستکردەوە، بەوەی گرووپێکی سەر بە کۆریای باکوور بە ناوی ترەیدەر ترەیتەر لەپشت هاککردنەکەوە بووە. گرووپەکە هەمان ئەو گرووپەیە کە تۆمەتبار کرابوو بە دزینی 1.5 ملیار دۆلار لە پلاتفۆرمی بایبیت لە شوباتی ساڵی رابردوودا.
لە راگەیەندراوەکەی نووسینگەکەدا هاتووە: "نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی زانیاری بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت کە کۆماری دیموکراتیی گەلی کۆریا (کۆریای باکوور) بەرپرسیار بووە لە دزینی زیاتر لە شەش ملیار دۆلاری ئەمریکی لە سەروەت و سامانی گریمانەیی لە پلاتفۆرمی باینانس لە 29ـی تشرینی یەکەمی 2026 یان لەو دەوروبەرەدا."
نووسینگەکە ئاماژەی بەوەش کرد، چاودێریی ئەندامانی ترەیدەر ترەیتەریان کردووە کە سەروەتە دزراوەکان دەکەنە ئیسریۆم و پێشبینی دەکات ئەو سامانە زیاتر سپی بکرێتەوە لە رێگەی گۆڕینەوەیان بە بەکارهێنانی دارایی لامەرکەزی و خزمەتگوزارییەکانی ئاڵوگۆڕی دەستبەجێ.
دەزگاکە دەڵێت، داوا لە دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت دەکەن "ئەو مامەڵانە بلۆک بکەن کە پەیوەستن بەو ناونیشانانەی بکەرانی ترەیدەر ترەیتەر بۆ سپیکردنەوەی ئەم سەروەتە دزراوانە بەکاریان دەهێنن یان لێیانەوە سەرچاوە دەگرن."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گومانی لە دەستهەبوونی کۆریای باکوور لەو هاککردنەدا خستەڕوو. ترەمپ درەنگانی رۆژی شەممە لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە فلۆریدا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "من نیگەران نیم. ئێمە زانیاری لەسەری کۆدەکەینەوە و نازانین ئایا ئەوە کاری کۆریای باکوورە یان نا."
سەرۆکی ئەمریکا زۆرجار بە شانازییەوە باس لە کۆبوونەوە لوتکەکانی دەکات کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییدا لەگەڵ کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور ئەنجامی دابوون.
'قەرەبووکردنەوەی زیانە داراییەکان'
کۆمپانیای باینانس رۆژی شەممە رایگەیاند، زیاتر لە 6.34 ملیار دۆلاری لە پارەی کۆمپانیاکە تەرخانکردووە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی هاککردنەکە. کۆمپانیاکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "پابەندبوونمان وەک خۆی دەمێنێتەوە: باینانس بە تەواوی کاریگەرییە داراییەکانی ئەو پارەیەی لەم رووداوەدا دزراوە لە ئەستۆ دەگرێت."
کۆمپانیاکە گوتی، پارەی کۆمپانیاکەی بەکارهێناوە بۆ کڕینی تۆکن تاوەکو لەسەدا 90ـی ئەو پارەیەی دزراوە بگەڕێنێتەوە، لە کاتێکدا ئەو لەسەدا 10ـەی تۆکنەکان کە دەمێنێتەوە "نەختینەیی کەمتریان هەیە، ئەمەش مانای ئەوەیە رەنگە کاتی زیاتری بوێت بۆ دەستەبەرکردنیان بەو بڕەی کە پێویستە."
باینانس دوای هاککردنەکە راکێشانی پارەی لەلایەن بەکارهێنەرانەوە هەڵپەسارد، بەڵام لە نوێترین پێشهاتدا رایگەیاند کە کارەکان لەسەر رێڕەوی خۆیانن بۆ دەستپێکردنەوەی لە رۆژی یەکشەممەدا.
ئەم هێرشەی سەر باینانس لە کاتێکدایە کە زۆرێک لە چاودێران نیگەرانی دەردەبڕن لەوەی کە پەرەسەندنی بەردەوامی تواناکانی مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد دەکرێت پرۆتۆکۆڵەکانی کۆدکردن و ئاسایشی تەکنەلۆژیای زانیاری بخاتە مەترسییەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هاککردنەکە، نرخی بیتکۆین نزیکەی لەسەدا پێنج دابەزی، لە کاتێکدا ئیسریۆم نزیکەی لەسەدا شەش و دراوی تایبەتی باینانس نزیکەی لەسەدا دە دابەزین.
باینانس رۆژی هەینی رایگەیاند کە کار دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەوەی کە ناوی ناوە "هێرشێکی ئاڵۆز" بە بوونی چەندین "خاڵی دزەکردن."
قەبارەی گەورەی ئەم هاککردنە، توانای کۆریای باکووری خستووەتە ژێر تیشکی سەرنجەوە بۆ دۆزینەوەی رێگەی نایاسایی بە مەبەستی بەدەستهێنانی داهات؛ وڵاتێک کە رووبەڕووی سزای بەرفراوانی نێودەوڵەتی بووەتەوە بەهۆی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانیەوە.
باوەڕ وایە کە گرووپی ترەیدەر ترەیتەر بەشێک بێت لە گرووپی لازارۆس، کە لە ساڵی 2014 ناوبانگێکی خراپی بەدەستهێنا کاتێک تۆمەتبار کرا بە هاککردنی کۆمپانیای سۆنی پیکچەرز وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە فیلمی چاوپێکەوتن، کە فیلمێک بوو گاڵتەی بە کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور دەکرد.


