رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە، نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکان لە رۆژئاوای یەمەن، زیاتر لە 300 هەزار کەس ئاوارە بوون. راشیگەیاند، زۆربەی ئەوانەی ئاوارە بوون، لە دوو مانگی رابردوودا تۆمارکراون.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) لە راگەیێندراوێکدا داوای لە "هەموو لایەنەکانی شەڕ کرد کە خەڵکی سڤیل و کارمەندانی مرۆیی بپارێزن و گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بە سەلامەتی و بێ بەربەست مسۆگەر بکەن، بەتایبەتی لەو ناوچانەی تەعز کە گەیشتن پێیان سەختە."
عەبدولسەتار عیسایێڤ، سەرۆکی نێردەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ لە یەمەن گوتی: "دوای چەندین ساڵ لە ململانێ، جارێکی دیکە خێزانەکان لە یەمەن ناچار دەبن هەڵبێن و زۆرجار جگە لەو جلانەی لەبەریاندان، هیچ شتێکی دیکەیان پێ نییە."
هەروەها گوتیشی: "ئەوان پێویستییەکی زۆریان بە پەناگە، خۆراک، ئاوی خاوێن و چارەسەری تەندروستی هەیە. بێ دابینکردنی پارەی زیاتر، هەزاران خێزان رووبەڕووی ئەو مەترسییە دەبنەوە کە بێبەش ببن لەو هاوکارییانەی زۆر پێویستیان پێیەتی."
دوای چوار ساڵ لە ئارامی، لە مانگی تەممووزی رابردوودا و بەهۆی ململانێکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، یەمەن جارێکی دیکە گەڕایەوە نێو شەڕ.
لە مانگی ئەیلوولدا، شەڕ و پێکدادانەکان چڕتر بوونەوە و حووسییەکان پێشڕەوییان کرد، بە جۆرێک کۆنترۆڵی کەناراوەکانی رۆژئاوا و ناوچەی تەنگەی بابولمەندەبیان کرد، کە خاڵێکی ستراتیژییە بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان لەنێوان ئەورووپا و ئاسیادا.
لەو کاتەوە، سعودیە کە پاڵپشتی لە حکومەتی دانیپێدانراوی یەمەن دەکات، بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی پێگەی حووسییەکان، ئەوانیش لە بەرامبەردا هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو شانشینە چڕتر کردووەتەوە.
شەڕ و پێکدادانەکان بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی نرخی کاڵا سەرەکییەکان. بەپێی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، لە شاری تەعز (لە رۆژئاوا)، تێچووی پێداویستییە سەرەکییەکان سێ بۆ پێنج هێندە زیادی کردووە، ئەوەش بەهۆی شەڕەوە کە رێگرە لە گەیشتنی پێداویستییەکان لە ناوچەکانی دەوروبەرەوە.
ئێستا پێنج تیمی پزیشکیی گەڕۆکی سەر بە رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، لە چوار پارێزگای (مەئریب، لەحج، عەدەن و تەعز) کاردەکەن.
لە سایەی زیادبوونی پێداویستییە مرۆییەکان، رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ خەمڵاندوویەتی کە بۆ شەش مانگی داهاتوو پێویستی بە نزیکەی 45 ملیۆن دۆلارە بۆ دابینکردنی هاوکارییە ژیانپارێزەکان، لەنێویاندا پەناگە، هاوکاریی دارایی بەپەلە، چاودێریی تەندروستی، دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، خزمەتگوزارییەکانی ئاوەڕۆ و پاراستنی ئاوارەکان.



