رووداو دیجیتاڵ
سعودیە رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی پشتیوانیی سەربازیی حووسییەکانی یەمەن، هێزە چەکدارەکانی شانشینەکە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان بەجێ گەیاندووە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی سعودیە (واس)، تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاندووە، حووسییەکان بەردەوامن لە "دەستدرێژییە بەمەبەست و بەرنامەبۆداڕێژراوەکانیان بۆ سەر خەڵکی سڤیل و شوێنە سڤیلەکان لە یەمەن و سعودیە."
گوتەبێژەکە هەروەها باسی لەوە کردووە، ئەو گرووپە چەکدارە کە هاوپەیمانی ئێرانە، بەردەوامە لە سوودبینین لە سەرچاوەی گرنگی سەربازی بۆ پشتیوانیکردن هێرشەکانی خۆی و بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی، بەتایبەتی لە بواری مووشەکی بالیستی و درۆندا.
مالیکی ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی بەردەوامیی ئەو هێرشانە و ئەو مەترسییە راستەوخۆیەی کە لەسەر گیانی خەڵکی سڤیل و سەلامەتیی شوێنە سڤیلەکان دروستی دەکەن، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی بەرگریی سعودیە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کردووە "بۆ لەکارخستنی ئەو سەرچاوە گرنگانەی کە لەلایەن میلیشیا تیرۆریستییە حووسییەکانەوە بەکاردەهێنرێن لە دەستدرێژییە دووبارە و دڕندانەکانیان، هەروەها لە هەڕەشەکردن لە ئاسایشی سعودیە و یەمەن و هێڵەکانی هاتووچۆی دەریایی لە باشووری دەریای سوور،" ئەمە وەک خۆی باسی کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە دەڵێت، بەردەوام دەبن لە "گرتنەبەر و جێبەجێکردنی رێکارە سەربازییە پێویستەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی رەفتاری میلیشیا تیرۆریستییە حووسییەکان و راگرتنی بەکارهێنانی سەرچاوە گرنگەکان بۆ پشتیوانیکردن لە هەوڵە جەنگییەکانیان. هەروەها پێویستە حووسییەکان سەرجەم کردەوە دووژمنکارانە و دڕندانەکانیان بەرامبەر خەڵکی سڤیل و شوێنە سڤیلەکان رابگرن، ئەگەر نا، ئەوا دەبێت میلیشیا حووسییەکان بەرپرسیارێتیی لێکەوتەی رەفتارە دووژمنکارانەکانیان هەڵبگرن."



