رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئێران پێشوازی لە شکستی دۆناڵد ترەمپ و پارتی کۆماری لە هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێسی ئەمریکا دەکەن، هاوکات سەرکردەکانی جیهان چاوەڕوانی ئەوە دەکەن بزانن ئایا واشنتن کۆتایی بە جەنگەکەی لەگەڵ ئێران دەهێنێت یان نا. لە لایەکی دیکەشەوە، حووسییەکانی یەمەن هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ریاز لە سعودیە و هێرشێکی ئیسرائیلیش لە باشووری لوبنان قوربانی کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
ئێران: خەڵکی ئەمریکا گوتیان نا بۆ جەنگ
دوای ئەوەی دەنگدەرانی ئەمریکا بەهۆی نیگەرانی لە جەنگ و گرانبوونی نرخی سووتەمەنی زۆرینەی کۆنگرێسیان بەخشییە دیموکراتەکان، تاران ئەمەی وەک شکستێکی گەورە بۆ ترەمپ هەژمار کرد.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "ئەمریکییەکان گوتیان نەخێر بۆ جەنگ، ئێمەش پشتگیری لەم پەیامە دەکەین." هاوکات هۆشداریشی دا کە ئەگەر ئیدارەی ئەمریکا گوێ لە دەنگی گۆڕانکاری نەگرێت، ئەوا "رووبەڕووی کابووس دەبێتەوە."
لە بەرامبەردا، ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران بە دووری زانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان سیاسەت و رەفتاری واشنتن بەرامبەر بە وڵاتەکەی بگۆڕێت. لە تاران بە هەزاران کەس بە بۆنەی ساڵیادی دەستبەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ساڵی 1979 رژانە سەر شەقامەکان و ئاڵای ئەمریکا و ئیسرائیلیان سووتاند.
حووسییەکان هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی ریاز
لە یەمەن، چەکدارانی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای حووسی رایانگەیاند، بە مووشەکی بالیستی هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریازی پایتەختی سعودیە.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان گوتی، مووشەکەکە زیانی گەورەی بە فڕۆکەخانەکە گەیاندووە، هاوکات بنکەیەکی رادار و ناوەندێکی کۆنتڕۆڵیشیان لە ناوچەی جازانی باشووری سعودیە پێکاوە. لە بەرامبەردا، بەرگریی شارستانیی سعودیە هۆشداریی لە ئەگەری مەترسی لە ریاز، جازان و نەجران راگەیاند.
لە هەمان کاتدا لە نێوخۆی یەمەن، وەزارەتی تەندروستیی حووسییەکان بڵاویکردەوە بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر ماڵێک لە پارێزگای تەعز، لانیکەم حەوت کەس کوژراون کە دووانیان منداڵن، شەش منداڵی دیکەش بریندار بوون و سعودیەشیان بە هێرشەکە تۆمەتبار کرد.
هۆشداری لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە لوبنان
لە دۆسیەی لوبنانیشدا، ژۆن پیێر لاکروا، بەرپرسی هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا، بەهۆی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی یۆنیفێل لە 31ـی کانوونی یەکەمدا، مەترسیی دروستبوونی "بۆشایی ئەمنی" لە نێوان سوپای ئیسرائیل و سوپای لوبنان لە ئارادایە، بەتایبەت کە لایەنێکی بێلایەن نامێنێت چاودێریی سنوورەکان و هێڵی شین بکات.
هاوکات لە گوندی قەبریخا لە باشووری لوبنان، درۆنێکی ئیسرائیل ماتۆڕسکیلێکی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو، سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند کە ئەو دوو کەسە چاودێریی سەربازانی ئیسرائیلیان دەکرد. ئەمەش یەکەم هێرشی لەم شێوەیە بوو لە دوای نزیکەی مانگێک لە هێوربوونەوەی ناوچەکە.


