رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە لە تەنگەی هورمز ئاگر لە دوو کەشتیی نەوتهەڵگر و کەشتییەکی دیکە لە جۆری راکێشەر کەوتووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی یەکێک لە نەوتهەڵگرەکان لە باشووری تەنگەکە بەر مینێکی دەریایی کەوت.
سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا روونیکردەوە، یەکێک لە نەوتهەڵگرەکان لە کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕبوون لە رێڕەوێکی قەدەخەکراو و رێپێنەدراو لە باشووری تەنگەی هورمز، مینێکی دەریایی پێیدا تەقیوەتەوە و ئاگری گرتووە. هاوکات نەوتهەڵگرێکی دیکەش لە کاتی دەرچوونی لە رێڕەوە ئاوییەکە گڕی گرتووە و دواتر ئاگرەکە پەڕیوەتەوە بۆ ئەو کەشتییە راکێشەرەی کە بۆ یارمەتیدان و کوژاندنەوەی ئاگرەکە لێی نزیک ببووەوە.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە بەیانیی رۆژی چوارشەممەش سوپای پاسداران رایگەیاندبوو، چوار کەشتیی نەوتهەڵگری دیکە بەهۆی بەرکەوتنیان بە مین لە باشووری تەنگەی هورمز ئاگریان گرتووە و تێکشکێندراون، هەروەها دەستیان بەسەر دوو کەشتیی دیکەشدا گرتووە.
لە لایەکی دیکەوە، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا (UKMTO) بڵاویکردەوە، ئێوارەی رۆژی سێشەممە نەوتهەڵگرێک لە دووریی 14 میل لە باکووری رۆژهەڵاتی ناوچەی لیما لە کەناراوەکانی عومان، بە دوو مووشەکی نادیار پێکراوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی یان ژینگەیی لێنەکەوتووەتەوە.


