رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان کات و سەرچاوەی کەمتریان بۆ یەکلاکردنەوەی جەنگی ئێران پێویست بووە بەراورد بەو کات و سەرچاوانەی ئیدارەی کۆشکی سپی لە سەردەمی جۆرج دەبلیو بوش، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا پێویستیان بوو.
رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرۆکی ئەمریکا وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە کە لەسەر ئیدارەکەیەتی سەبارەت بە تێچووەکانی جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران و لە ترووس سۆشیاڵ بڵاویکردەوە، دیک چینی، جێگری پێشووتری سەرۆکی ئەمریکا (لە سەردەمی جۆرج دەبلیو بوشدا) بۆ جەنگی عێراق گوتی، "سەدام هەڕەشەیە. پێویستم بە 170 هەزار سەرباز و هەشت ساڵە" بەڵام نزیکەی چوار هەزار و 400 هاووڵاتی و سەربازی ئەمریکی کوژران.
دیک چینی، یەکێک بوو لەو کەسایەتییە ئەمریکییانەی زۆرترین گوشاری لە جۆرج دەبلیو بوش دەکرد بۆ هێرشکردنە سەر عێراق. ئەو بە پاڵپشتیکاری سەرەکیی سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا بۆ ئەو کارە دادەنرا.
لە 20ـی ئاداری 2003، هێزەکانی ئەمریکا هاتنە نێو خاکی عێراقەوە و تاوەکو 2011 مانەوە، ئەمەش پێش ئەوەی لە ساڵی 2014 بگەڕێنەوە بۆ شەڕی دژی داعش و ئەیلوولی ئەمساڵیش ئەرکەکەیان کۆتایی هات.
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، ئەویش هەمان شتی گوتووە کە "ئایەتوڵڵا خامنەیی هەڕەشەیە"، بەڵام لە رووی پێویستییەوە سەرچاوە و کاتی کەمتری دەوێت بە جۆرێک کە "تەنیا 12 کاژێر و 900 مووشەکی بۆ کوشتنی پێویست بووە."
رۆژی 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرش بۆ سەر تەلئەڤیڤ و وڵاتانی دراوسێی وەڵامیدانەوە. رۆژی دەستپێکی جەنگەکە، ئەمریکا و ئیسرائیل ماڵ و شوێنی مانەوەی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێرانیان بۆردوومانکرد و کوشتیان.
ترەمپ ئاماژەی بەو زیانە ئابووری و گیانییانە نەکردووە کە لە جەنگی ئێراندا بەر وڵاتەکەیان کەوتوون. بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا، لەو جەنگەدا لانیکەم 47 ملیار دۆلاریان خەرجکردووە و 21 سەربازیشیان کوژراون؛ ئەمە جگە لە برینداربوونی نزیکەی 900 سەرباز.

