رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتانی کەنداو پێیان باشترە گەمارۆکانی سەر ئێران وەک خۆی بمێنێتەوە؛ دەشڵێت، هەمووان لەسەر رێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی هاوڕان. لە وەڵامدا سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، کاتی ئەوەیە ئەمریکا خۆی بەدەستەوە بدات.
رۆژی دووشەممە، 9ی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکدا لە ترووس سۆشیال نووسی، گفتوگۆیەکی "نایاب"ی لەگەڵ شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە بارەی ئێرانەوە کردووە.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "لە هەمووی گرنگتر، قەتەر، سعودیە، ئیمارات، بەحرێن، کوێت و ئەوانی دیکەش، دۆخی ئێستایان پێ باشترە؛ بە واتایەکی دیکە، بەردەوامبوونی گەورەترین گەمارۆی دەریایی لە مێژوودا و ئۆپەراسیۆنی نوێی دەروازەی ئاسنین، واتە گەمارۆی وشکانی و دەریایی."
سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانیش، ترەمپ جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی هاوپەیمانان کردەوە و نووسیویەتی: "هەمووان لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە ناکرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەوە شتێکە بە هیچ جۆرێک شایەنی دانوستاندن نییە!"
سەبارەت بە ئامادەباشیی سەربازیی وڵاتەکەشی لە ناوچەکەدا، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک سەبارەت بە پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبدات، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی لەسەر پەلەپیتکەیە، بەڵام لەم ساتەدا وا دەردەکەوێت کە هێرشکردنەوە سەر ئێران زۆر دوور بێت لە راستییەوە."
دۆناڵد ترەمپ لە کۆتایی پەیامەکەیدا دڵنیایی دا کە ئیسرائیل و تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مەترسی و هەڕەشەکانی ئێران پارێزراون و روونیکردەوە کە واشنتن لەم قۆناخەدا شایەتی "وزەیەکی ئەرێنییە بەرەو کۆتاییهێنان بەم جەنگە"، هاوکات دڵنیاییش دەدات لە پاراستنی بەردەوامی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و دەڵێت بە کۆتاییهاتنی ئەم بەریەککەوتنە سەربازییە، گەلی ئەمریکا و جیهانیش پارێزراوتر و ئارامتر دەبن.
موحسین رەزایی بۆ ترەمپ: بکشێنەوە باشترە
دوای گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکا، موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە ئێکس بڵاویکردەوە، "جەنگی دژی ئێران پێشوەختە حکومەتی ئەمریکای وێران کردووە، بەڵام واشنتن وەک قومارچییەکی بێهیوا و دەستەپاچە، دەبێت بکشێتەوە".
سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەشڵێت: "کۆتایی بە دروستکردنی هەواڵی ساختە لەبارەی دانوستاندنی خەیاڵی بهێنە. دەستبەرداری نکۆڵیکردن لە نەزمی نوێی رۆژئاوای ئاسیا ببە. کاتی ئەوە هاتووە خۆت بەدەست ئەو حەوت مەرجەوە بدەیت کە ئێران چەندین جار دیاری کردوون".
گوتەکانی هەردوولا لە کاتێکدان ئەمریکا و ئێران لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە لە دانوستاندندان. ئەمریکا دەیەوێت ئێران دەستبەرداری پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی بێت و ئێرانیش حەوت مەرجی هەیە، دیارترینیان هەڵگرتنی گەمارۆی سەر وڵاتەکەی و کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکان، لەوانە لوبنان.
دەقی نووسینەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا:
گفتوگۆیەکی نایابم لەگەڵ شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان بن جاسم ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر کرد، کە تێیدا گفتوگۆیەکی زۆر سەبارەت بە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرا. لە هەمووی گرنگتر، قەتەر، سعودیە، ئیمارات، بەحرێن، کوێت و ئەوانی دیکەش، دۆخی ئێستایان پێ باشترە؛ بە واتایەکی دیکە، بەردەوامبوونی گەورەترین گەمارۆی دەریایی لە مێژوودا و ئۆپەراسیۆنی نوێی دەروازەی ئاسنین واتە، گەمارۆی وشکانی و دەریایی. هەمووان لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە ناکرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەوە شتێکە بە هیچ جۆرێک شایەنی دانوستاندن نییە! ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک سەبارەت بە پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبدات، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "دەستی لەسەر پەلەپیتکەی چەکە و گولـلەی لە لولەدایە" و ئامادەی جووڵەیە. لەم ساتەدا، لەگەڵ ئەوەشدا، وا دەردەکەوێت ئەوە (هێرشکردنەوە سەر ئێران) زۆر دوور بێت لە راستییەوە. ئیسرائیل و تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مەترسی و هەڕەشەکانی ئێران پارێزراون. ئێمە شاهیدی وزەیەکی ئەرێنین بەرەو کۆتاییهێنان بەم جەنگە و دڵنیادەبینەوە لەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە هەموو کاتێکدا پارێزراو بن. لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەم بەریەککەوتنە سەربازییە، گەلی ئەمریکا و جیهانیش زۆر پارێزراوتر و ئارامتر دەبن. سەرۆک دۆناڵد جەی ترەمپ".
دەقی نووسینەکەی موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران:
"جەنگی دژی ئێران پێشوەختە حکومەتی ئەمریکای وێران کردووە، بەڵام واشنتن وەک قومارچییەکی بێهیوا و دەستەپاچە دەستەو یەخە دەبێت. بکشێنەوە. کۆتایی بە دروستکردنی هەواڵی ساختە لەبارەی دانوستاندنی خەیاڵییەوە بهێنە. دەستبەرداری نکۆڵیکردن لە نەزمی نوێی رۆژئاوای ئاسیا ببە. کاتی ئەوە هاتووە خۆت بەدەست ئەو حەوت مەرجەوە بدەیت کە ئێران چەندین جار دیاریی کردوون".


