رووداو دیجیتاڵ
گادی ئایزنکۆت، کە رۆژی یەکشەممە بە فەرمی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ئیسرائیل راسپێردرا، رایگەیاند کە دەرگای کراوەیە بۆ ئەوەی بنیامین نەتەنیاهوو و هاوپەیمانە راستڕۆ تووندڕۆکانی بێنە نێو حکومەتەکەیەوە، بەڵام بەو مەرجەی خۆی سەرۆکوەزیرانی نوێ بێت.
ئایزنکۆت بە ئاماژەدان بە پارتی لکودی نەتەنیاهوو و پارتی "زایۆنیزمی ئایینی" بە سەرۆکایەتیی بێتسالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی رایگەیاند: "ئەگەر ئەندامانی لیکود و پارتی زایۆنیزمی ئایینی بە راستی باوەڕیان بەوە هەیە کە ئێستا کاتی یەکڕیزییە، وەک چۆن بە سەرۆکی وڵاتیان راگەیاند، ئەوا هیچ هۆکارێک نابینم بۆ ئەوەی پشتیوانی لە حکومەتێک نەکەن کە لەژێر سەرکردایەتیی من و بەپێی ئەو بنەمایانە بێت کە پێشکێشم کردوون."
ئەم لێدوانەی ئایزنکۆت دوای ئەوە هات کە لەلایەن ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیلەوە مۆڵەتی 28 رۆژی پێدرا بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەکی نوێ و پێکهێنانی کابینەیەک.
ئەم راسپاردنە وەک دەرفەتێکی زێڕین سەیر دەکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی نزیکەی 20 ساڵەی بنیامین نەتەنیاهوو، بەڵام لە هەمان کاتدا ئایزنکۆت بەرەوڕووی ئاڵۆزترین گەمەی سیاسی دەکاتەوە.
ئایزنــــکۆت کێــــــیە؟
گادی ئایزنکۆت، تەمەن 66 ساڵ، سوپاسالاری پێشووتری سوپای ئیسرائیلە و تاوەکو ئێستا ئەزموونێکی زۆری لە سیاسەتدا نەبووە.
ئەگەر ئایزنکۆت سەرکەوتوو بێت لە پێکهێنانی کابینەکەیدا، دەبێتە یەکەمین سەرۆکوەزیران لە پێکهاتەی جووە سەفاردییەکان (ئەوانەی بە رەچەڵەک خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقان)، چونکە لە خێزانێکی کۆچبەری مەغریبی لەدایکبووە، ئەمەش وەرچەرخانێک دەبێت لە وڵاتێکدا کە بە درێژایی دەیان ساڵ دەسەڵاتەکەی لە دەستی دەستەبژێری جووە ئەشکەنازییەکان (ئەوانەی بە رەچەڵەک ئەورووپین)دا بووە.
هاوکێشەی کورسییەکان چۆنە؟
لە هەڵبژاردنەکانی مانگی رابردوودا هیچ بەرەیەک نەیانتوانی زۆرینەی رەهای 61 کورسی مسۆگەر بکەن. لە گفتوگۆ و دانوستاندنەکانی سەرۆکی ئیسرائیلدا، 67 پەرلەمانتار ئایزنکۆتیان بەربژێر کرد لە بەرامبەر 46 پەرلەمانتار بۆ نەتەنیاهوو.
بەڵام کێشە گەورەکە لێرەوە دەستپێدەکات، چونکە زۆرینەی دەنگەکانی ئایزنکۆت بەهۆی بەربژێرانی عەرەبەوە بوو کە بەهۆی ناڕەزایەتی لە حکومەتەکەی نەتەنیاهوو، ژمارەیەکی پێوانەیی کورسییان لە پەرلەمان بەدەستهێنا.
گرێکوێرەی لایەنە عەرەبییەکان و سەربازیی حەریدیمەکان
ئایزنکۆت 28 رۆژ مۆڵەتی لەبەردەستدایە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەک، بەڵام بەرەی ئۆپۆزیسیۆن لە نێوخۆیدا تووشی ناکۆکییەکی قووڵ بووە:
• رەتکردنەوەی عەرەب: ئەڤیگدۆر لیبەرمانی راستڕۆ بە تووندی دژایەتیی هەر هاوپەیمانییەک یان پشتپێبەستنێک بە پارتە عەرەبییەکان دەکات و دەڵێت ئەمە زیان بە ئاسایش دەگەیەنێت و رێگە بۆ گەڕانەوەی نەتەنیاهوو خۆش دەکات.
• سازش بۆ حەریدیمەکان: بۆ ئەوەی پێویستیان بە دەنگی عەرەب نەبێت، لیبەرمان لە بەڵێنێکی کەمپینەکەی پاشگەزبووەوە و ئامادەیی خۆی نیشاندا سازش بۆ پارتە تووندڕۆ ئایینییەکان (حەریدیم) بکات تاوەکو گەنجەکانیان لە خزمەتی سەربازی ببەخشرێن، بەو مەرجەی بێنە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنەوە بۆ لادانی نەتەنیاهوو.
• تووڕەیی خەڵک: پرسی بەخشینی حەریدیمەکان لە کاتێکدا هەزاران سەربازی یەدەگ مانگانێکی زۆرە لە شەڕدان، تووڕەییەکی گەورەی لە شەقامی ئیسرائیل دروستکردووە، هاوکات نەفتالی بینێتیش تاوەکو ئێستا لەسەر ئەم گۆڕانکارییەی لیبەرمان بێدەنگە.
سیناریۆکانی بەردەم ئایزنکۆت چیین؟
ئەگەر ئایزنکۆت بە هەر هۆکارێک "حکومەتی یەکڕیزی" لەگەڵ نەتەنیاهوو پێک نەهێنێت، ئەوا دوو بژاردەی لەبەردەمدایە:
پێکهێنانی حکومەتێک بە تەنیا لەو 48 کورسییەی بەدەست بەرەی خۆیەوەیە و پشتبەستن بە دەنگی دەرەکیی پارتە عەرەبییەکان بۆ تێپەڕاندنی بڕیارەکان. شارەزایانی سیاسی دەڵێن، ئەم حکومەتە زۆر لەرزۆک دەبێت و ناتوانێت زۆر بەردەوام بێت.
رازیبوون بە داواکارییەکانی پارتە ئایینییەکان و جیاکردنەوەیان لە نەتەنیاهوو، کە ئەمەش ناڕەزایەتیی شەقامی عەلمانی و پارتە چەپڕۆکانی بەدوادا دێت.
پوختە
ئایزنکۆت کە لە جەنگی 2006ـدا داڕێژەری ستراتیژیی سەربازیی تووندی "رێبەری زاحیە" بوو، ئێستا رووبەڕووی سەختترین گۆڕەپانی دانوستاندن بووەتەوە. ئەگەر لە ماوەی چوار هەفتەی داهاتوودا نەتوانێت ناکۆکیی نێوان هاوپەیمانەکانی چارەسەر بکات، بنبەستی سیاسی بەردەوام دەبێت و ئیسرائیل ناچار دەبێت سەرەتای ساڵی داهاتوو بچێتەوە سەر سندووقەکانی دەنگدان.


