رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی ئێران هۆکاری سەرەکیی تەنگژە ئابوورییەکان و گرانیی بژێوی بۆ "دۆخی جەنگ و گەمارۆی ئابووری" دەگەڕێنێتەوە، هاوکات رایدەگەیێنێت نرخی بەنزینی (کۆپۆن) دەستکاری ناکرێت، بەڵام لە زستانی ئەمساڵدا وڵات رووبەڕووی کورتهێنانی 430 ملیۆن مەتر سێجا لە گاز دەبێتەوە.
فاتمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بەرپرسانی وڵات بە تەواوەتی لە ئاستی ئەو گوشار و سەختییە ئابوورییانە ئاگادارن، کە کەوتووەتە سەر شانی هاووڵاتییان و گوتی: "هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە، گەمارۆی ئابووریی چەندین دەیە و ئەو جەنگە نایەکسانەیە کە بەسەر وڵاتەکەماندا سەپێنراوە. دووژمن لە رێگەی گەمارۆی دەریایی و سزاکانەوە راستەوخۆ بژێوی خەڵکی کردووەتە ئامانج."
موهاجرانی روونیکردەوە، بڕیارە ئابوورییە تایبەتەکانی حکومەت لەم دۆخەدا تەنیا بۆ پاراستنی هێزی کڕینی خەڵک و بەردەوامیی دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکی ئەلیکترۆنی (کالابەرگ) دەبێت تاوەکو لەم قۆناخە سەختە دەرباز بن.
پێشبینیی کورتهێنانی 430 ملیۆن مەتر سێجا لە گاز
سەبارەت بە دۆخی وزە لە وەرزی زستاندا، گوتەبێژی حکومەت هۆشداری دا لەوەی هێرشەکانی سەر پاڵاوگەکانی گاز 230 ملیۆن مەتر سێجا زیانی بە توانای بەرهەمهێنان گەیاندووە و گوتی: "بە هەوڵی پسپۆڕان پێشبینی دەکرێت نزیکەی 100 ملیۆن مەتر سێجای نۆژەنبکرێتەوە، بەڵام بە گشتی لە زستانی ئەمساڵدا کورتهێنانی گاز لە ئێران دەگاتە 430 ملیۆن مەتر سێجا."
موهاجرانی جەختی کردەوە دابینکردنی گاز بۆ پارێزگاکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵات پێش نۆرەی کارەکانیانە، چونکە بەپێچەوانەی کارەبا، بڕان و بەستنەوەی گازی ماڵان پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆز و کاتکوژە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە خاوبوونەوە و پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت، فاتمە موهاجرانی رایگەیاند: "هێرشی سایبەری یەکێک لە دەروازە سەرەکییەکانی دووژمن بووە بۆ زیانگەیاندن؛ بۆیە دانانی سنووردارکردنی کاتی لەسەر ئینتەرنێت، بڕیارێکی ئەمنییە بۆ بەرگریکردن لە تۆڕەکان و پاراستنی داتا، سامان و زانیارییە کەسییەکانی هاووڵاتییان. هیوادارین بە هێنانەدیی ئاشتییەکی سەربەرزانە، تەواوی کێشەکانی ئینتەرنێت چارەسەر بکرێن."
نرخی بەنزین وەک خۆی دەمێنێتەوە
گوتەبێژی حکومەتی ئێران دڵنیایی دایە هاووڵاتییان لەبارەی نرخی سووتەمەنی و گوتی: "نرخی بەنزینی کۆبۆن بە هەردوو شێوازی 1,500 تمەنی و 3,000 تمەنی هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت، هەر داهاتێکی زیادەش کە لە سەرچاوەکانەوە دەستبکەوێت، راستەوخۆ دەخرێتە خزمەت دابینکردنی سەبەتەی خۆراکی خەڵک."
مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕسکیل بۆ ژنان
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، موهاجێرانی ئاماژەی بە پرسی پێدانی مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕسکیل بە ژنان کرد و گوتی: "ئەو بۆشاییە یاساییەی لە رابردوودا بەهۆی دەستەواژەی 'پیاوان' لە دەقی یاساکەدا هەبوو، چارەسەر کراوە. ژنانی ئێرانی سەلماندوویانە کە لە کاتی لێخوڕیندا زۆر پابەندی رێساکانی هاتووچۆن، حکومەتیش هەموو هەوڵێک دەدات تاوەکو ئاستەنگە کارگێڕییەکانی بەردەم دەرکردنی مۆڵەتەکە بە زووترین کات لابدات."



